محەممەد مەحموود- سۆران :
دوێنێ سێشەممە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەرپەرشتی هەڵگورد شێخ نەجیب، كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو.
لەم بارەیەوە خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەانییەكانی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئەو كۆبوونەوەییەی ئەنجامدرا بە بەشداری كۆمپانیایەكی تایبەتمەندبوو لە بواری ماستەر پلانەوە، ئەمەش بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی بوو، لە سەر راسپاردەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، بۆ ئەوەی ماستەر پلانێكی تازە و سەردەمیانە بۆ تەواوی شارەوانییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستبكرێتەوە، بە شێوەیەكی تازە، بە قەزاو ناحیەكانەوە لەوانەش شارەوانییەكانی سۆران ، رواندز، خەلیفان ، چۆمان “.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، باسی لەوەشكرد:” بوونی ماستەر پلانی لەم جۆرە وادەكات شارێكی سەردەمیانە دروست بكرێت، شارێك بێت پێداویستیەكانی تێدابن، دەبێت ماستەر پلانێكی تۆكەمە هەبێت ، ئەوانەی كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن لە گشت بوارەكان دەبێت كەسانی پسپۆڕبن، چونكە بوونی ماستەر پلان رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە لە رووی نیشتەجێبوون، سەوزایی، خزمەتگوزاری، رێگاوبان، بۆئەوەی لەبەرژەوەندی شار و هاووڵاتییان بێت”.