مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لەپێناو كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مامەڵەی چەند كاڵایەكی تر بكاتە دینار.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2023، بڕیار لەسەر كۆمەڵێك ڕێوشوێن دراوە بە ئامانجی كارئاسانی بۆ سوودوەرگرتنی هاوردەكارانی كەلوپەلی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل، جگەرە).
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە “ڕێكارەكان بە جۆرێك دەبێت، كە كارئاسانی بۆ هاوردەكاران بكات لەم كاڵایانە بۆ بەدەستهێنانی پارەداركردن بە دراوی بیانی بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕكردن و لە پێویستی پەنابردن بۆ كڕینی دراوی بیانی ڕزگاریان دەكات.”
وا بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی وەزیرانی ناوخۆ، نیشتەجێكردن، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داد، (ناوخۆ و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان)، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی بەشی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوەبەری گشتی باج بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكارەكانی یەكخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و وشكانی و دەریاییەكان و فڕۆكەخانەكان پێك بهێنێت.