موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوونی هەیە و ڕۆژانە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكرێت، زاری كرمانجی زانیاری لە بارەی چارەسنووریان بڵاو دەكاتەوە .
جەلال ئیبڕاهیم هاووڵاتییەكی سۆرانە و خاوەن ئۆتۆمبێلێكی بێ تابلۆیە، دەڵێت، چەند ساڵێكە ئۆتۆمبێلێكی توێتا كڕٍۆلام لە سۆران كڕیووە و كار و باری ماڵەوەم پێ ڕایدەكەم، نرخی ئۆتۆمبێلەكەم بە بەراورد بە ئۆتۆمبێلێكی خاوەن تابلۆ نزیكەی سێ هەزار دۆلار هەرزانترە و بە ناچاری ئەوەم هەڵبژاردووە، تەنها لە نێو شاری هەولێر بەهۆی نەبوونی تابلۆ گرفتم بۆ دروست دەبێت، لە سۆران تا ئێستا كێشەی نەبووە و نەكەوتوومەتە نێو مەفرەزەكانی هاتووچۆ، پێویستە حكوومەت رێگە چارەیەكی ڕیشەمان بۆ بدۆزێتەوە .
لای خۆیەوە، عەقید زرار حسێن بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” هەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆی پارێزگاكانی كوردستان و عێراقی پێوەنەبێت، لەلایەن مەفرەزەكانمان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، بە تایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتا، بێ تابلۆ، ژمارەكاتی و هەر ئۆتۆمبێلێكی لەو جۆرانە بێت.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، ئاشكراشی دەكات، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ڕێگەیان پێنادرێت لە نێو بازاڕ و شەقامە سەرەكییەكان بوەستن، هەر كاتێك لە نێو بازاڕ وەستان، لەلایەن ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیمان بار دەكرێت و كە شۆفێرەكەی هات بەپێی رێنمایی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین بە سزادانی بڕێك پارە ئۆتۆمبێلەكەی پێدەدرێتەوە.
دووپاتی كردەوە:” بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی هاووڵاتییان، پێشینار و داوكاریمان بۆ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز كردۆتەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە، چونكە ئاگادارین زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە سنووركەمان لایەن كەسانی هەژار و كەمدەرامەتن تا ئێستا بڕیارێكی نوێ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرنەچووە”.
بەپێی زانیاریەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، لە ئیدارەی سۆران نزیكەی هەشت هەزار و 800 ئۆتۆمۆبێلی تۆزوبا تۆماركراو بوونی هەیە، لە كاتێكدا حەوت پیشانگا كە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێلی بێ ساڵیانە ” بەتۆزوبا ” ناسراون بوونیان هەیە.

































































