مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، زیاتر لە 60 جار بە مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرش كراوەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا.
بەرپرسێكی سەربازیی ئەمەریكا ئاشكرای كرد بە درۆن وەڵامی هێرشێكیان داوەتەوە كە كراوەتە سەر بنكەیەكی سەربازیان لە عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2023، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان لە ناوچەی ئەبووغرێب ی ڕۆژئاوای بەغدا ئۆتۆمبێلێكی گرووپێكی چەكداری لایەنگری ئێرانی كردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە كەسێك كوژراوە و چەند كەسێكی تریش بریندار بوون.
بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند “بنكەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەد لە بیابانی پارێزگای ئەنبار، لە كاتێكدا كە لە پێشوازی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابووە لە عێراق، هێرشی كراوەتە سەر و چەند سەربازێكی ئەمەریكی بە سووكی بریندار بوون و ژێرخانی بنكەكەش زیانی پێگەیشتووە.”
بەرپرسە ئەمەریكییەكە ئاشكراشی كرد دوابەدوای هێرشەكە هێزەكانی ئەمەریكا وەكوو بەرگریكردن لە خۆیان لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كاروانی گرووپێكی لایەنگرانی ئێران لە ناوچەی ئەبووغرێبی كردووەتە ئامانج و زیانی پێگەیاندوون.