ئا/ رۆژان قیاس
گردبوونەوە و پێكدادانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و تەواوی ئێران بەردەوامی هەیە، ئەوەش دوای كوشتنی ژینا دێت لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە.
ژینا ئەمینی 13ی ئەیلوولی 2022، لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە لە بازاڕی تاران لەگەڵ برایەكیدا بوو، گرتیان و گواستیانەوە بۆ گرتووخانە، بەهۆی ئەوەی گوایە باڵاپۆش نەبووە، بەڵام دواتر یەكێك لە گیراوەكان رایگەیاند: كە هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەوە ئەشكەنجەیان داون هەتا ژینا لە هۆش چووە، دواتر چووە حاڵەتی كۆماوە و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
كوشتنی ژینای 22 ساڵان، شۆڕشی لە وڵاتی ئێران بەرپا كرد، دەنگی نارەزایی و كپ كراوی وڵاتەكە بەرز بووەوە كە چەندەها ساڵی كۆمەڵگەی فارسی دژی ئازادی نەیان توانیوە دەنگ بەرز بكەنەوە.
راستیی ئەم ڕووداوە لە زاری برای ژیناوە
شەوی سێ شەمە كاتژمێر شەش لە ئۆتووبانی “شەهید حەقانی- تاران، ژینا و براكەی لە دەرچەی ئۆتووبانەكەدا بوون كە ئۆتۆمبێلی، گەشتی ئیرشاد ڕێگایان لێ دەگرن و ژینا سواری وەنەكەی خۆیان دەكەن و دەیبەن، “كیارەش” براكەی ژینا بەرەو لایان دەڕوات بەڵام یەكێكیان ڕێگای لێ دەگرێت و دەستی با دەدا، كیارەش خۆی لە دەست ئەو هێزە ڕزگار دەكات و پێی دەڵێن ژینا دەبەن بۆ پۆلیسی “ئەمنییەتی ئەخلاقی” لە شەقامی “وزەرا” و پاش كاتژمێرێك وانەی ڕاهێنان، ئازادی دەكەن”.
“بەڵام بە پێچەوانەی ئەم قسانە، ڕووداوەكە بە جۆرێكی دیكە قەوما”
برای ژینا بە ماڵپەڕی (ئێران وایەر) دەڵێت “كاتێك گەیشتمە بەردەم بیناكە ٦٠ – ٧٠ كەس بۆ كچە دەستگیر كراوەكانیان، لەو شوێنەدا چاوەڕێیان دەكرد، چەند كەس كە ئازاد كران، لە ناكاو دەنگی قیژە و هاوار بەرز بووەوە، هەموومان لە دەرگای بیناكەمان دەدا، لە دەرگاكە چووینە ژوورەوە، بەڵام ڕێگریان لێ كردین، لە ناكاو هێزەكەیان بە گازی فرمێسك ڕێژ و شۆكێر ڕژانە دەرەوە و هێرشیان كردە سەرمان، لێیان داین، هەموو جەستەم شین و ڕەش بۆتەوە، پێنج خولەك دواتر ئامبوڵانسێك لە بیناكە هاتە دەرەوە”.
“كیارەش” بە دڵپڕی و تووڕەییەوە دەڵێت “هەر كچێك كە دەهاتە دەرەوە دەیوت “یەكێكیان كوشت،” وێنەی ژینام بە كچەكان نیشان دەدا، لە ناویاندا یەكێكیان وتی ژینا لە پاڵ ئەودا ئەو كارەساتەی بەسەردا هاتووە، شۆك ببووم و ترسابووم، لە سەربازێكم پرسی كە چی بووە؟ وتی یەكێك لە سەربازەكانی خۆمان بریندار بووە، درۆیان كرد، ئەوە ژینا بوو لە ئامبوڵانسەكەدا، بڕوام نەكرد، تا نەخۆشخانەی كەسرا هەڵاتم،”
“چیتر هیچم نەماوە لە دەستی بدەم”
براكەی ژینا بۆ تۆمار كردنی سكاڵاكەی سەردانی دادسەرایشی كردووە: “من بەردەوام دەبم لە سكاڵاكەم، بەڵام خۆتان باش دەزانن ئەم سیستمە چۆنە؟ چوومە دادسەرا نامەیان پێ دام كە دەبێت بچمە ئەماكنی وزەرا، واتە دەبێت بچمە شوێنێك كە خوشكەكەمیان كوشتووە سكاڵاكەم تۆمار بكەم، ئەمە وەك ئەوە وایە یەكێك لە ماڵەوە بكوژم، دواتر لە باوكم بپرسن بكووژەكە كێیە؟ بەڵام من ڕێگە نادەم ئەم ڕووداوە بەبێ هەرا و دەنگە دەنگ كۆتایی بێت، هەموو ئێران پڕ دەكەم لەم هەواڵ و سكاڵایە،”
كیارەشی برای ژینا، بردویانەتە ئەو ژوورەی كە ژینای تێدا بەستەری كراوە بەڵام ڕێگەیان نەداوە فیلمی لێ هەڵبگرێت: “بۆخۆم بەو چاوانەی خۆم بینیم كە دەموچاوی ژینا ماسیبوو و لاقی ڕەش و شین كرابووەوە، من چیتر هیچم نییە لە دەستی بدەم”.
لە هاوینی ڕابردوودا، هەڵس و كەوتە تووند ئاژۆكانی هێزەكانی گەشتی ئیرشاد لەگەڵ ژنان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگدانەوە و كاردانەوەی زۆر لێ كەوتۆتەوە، بەڵام كەس ئاگاداری ناو ئەم گرتووخانانە نییە؛ شوێنێك كە دوای دوو كاژمێر ئاكامەكەی جەستەی ساردەوە بوو و دۆخی كۆمایی ژینا ئەمینییە،
موژگان ئەمینی، دایكی ژینا بە میدیاكانی راگەیاندووە” جلوبەرگی كچەكەی هیچ كێشەیەكی نەبووە و مانتۆیەكی درێژی لەبەردابووە و لەچكێكی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەركراوە. دەشڵێت، لە كاتی دەستبەسەركردنی ژینا براكەی لەگەڵدا بووە و هێزەكانی پۆلیس لە براكەیان داوە بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەركردنی خوشكەكەی.”
سەدەف، ناوی خوازراوی كچێكە كە هەمان ڕۆژی سێ شەمە لە لایەن هێزەكانی گەشتی ئیراشادەوە دەستگیر كرا و هاوكات لەگەڵ ژینا لە ناوەندی وزرادا ئامادە بووە، دەڵیت” من و ژینا لە وەنێكدا نەبووین. بەڵام لە وزەرادا پێكەوە بووین و لە چركەساتێكدا كە كەوت، لەوێ بووم.”
مۆبایلەكانمانیان گرتبوو، وتیان هەموو لە لایەكەوە دابینیشین. هێشتا بە تەواوەتی دانەنیشتبووم كە یەكێك كەوت و سەری بەر كورسیەك كەوت، ژنێك لە هێزەكانی گەشتی ئیرشاد بەسەرییەوە بوو، هەر لەوێ وەستابوو و پێشتر بە هەمووانی وتبوو كە دانیشن، بە هەندێك لەو كەسانەی كە دەگریان بە زمانێكی ناشرین دەیوت: چی بووە؟ بۆ دەگرین؟ بەڵام كاتێك ژینا كەوت كەس گوێی نەدایە. یەكێك لە كچەكان كە لێیەوە نزیك بوو ڕۆیشت و باوەشی پێدا كرد.”
“دایك و باوكی ژینا ئەمینی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی حكومەتەوە خراونەتە ژێر فشارەوە”
عیرفان مورتەزایی پوورزای ژینا ئەمینی لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا بۆ “ئێرانوایە”ر دەڵێت، دایك و باوكی ژینا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی حكومەتەوە خراونەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی لە بەردەم كامێرای میدیای حكومەتدا ئامادە بن و بڵێن كچەكەیان پێش ئەوەی بكوژرێت نەشتەرگەریی مێشكی بۆ ئەنجام دراوە”.
بنەماڵەی ئەمینی تاوەكو ئێستا دژی ئەو پیلانەی حكومەت وەستاونەتەوە
بەگوێرەی قسەكانی عیرفان مورتەزایی” لە سیناریۆی ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیدا هەوڵ دراوە ژینا بە چالاكییە سیاسییەكانی پوورزاكەیەوە گرێ بدرێت كە ئەندامی “كۆمەڵە”، ڕێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە”.
مورتەزایی لەدرێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا بۆ ماڵپەڕی ئێرانوایەر دەڵێت” دایك و باوكی ژینا بەهۆی لەدەستدانی كچەكەیان و فشاری ناوەندە حكومیەكان بۆ سەریان، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان باش نییە”.
پوورزای ژینا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت، وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەڕێگەی هێزە سایبێرییەكانیانەوە دەستیان كردووە بە بڵاو كردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی نەڕاست سەبارەت بە ژیانی ژینا”.