محەمەد هەسنانی-سۆران
سەرەڕایی ئەو شەپۆلە باران بارینەی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتەوە، كەچی بە گۆتەی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران هیچ زیانێكی وای نەبووە.
رائید رەوەند مەغدید هاودیانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی و بنكەكانی شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ هەر رووداوێكی نەخوازار، لە پێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان”.
ئاشكراشی كرد: ” سەرەڕایی ئەو شەپۆلە باران بارینەی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتەوە، كەچی خۆشبەختانە هیچ زیانێكی وای نەبووە، تەنها هەندێ ئاو چووبووە ناو بەشێك لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری سۆران، لەوانەیە لە هەندێك شوێنی دیكەش ئاو چووبێتە ناو ماڵی هاووڵاتییان، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی باران بارینەكە هیچ زیانێكی وای نەبووە”.
ئەوەشی خستەڕوو: ” هەندێ لە شەقام و كۆڵانەكان و رێگا گشتییەكان بەردو خۆڵ هاتبووە خوارەوە، ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە تیمەكانی رێگاو بان و شارەوانییە هەیە، هەرزوو دەستیان كرد بە لابردنی ئەو ئاستەنگانە.