زاری كرمانجی- سۆران:
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠\١١\٢٠٢٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)دا کرد کە لە دهۆک بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی میوانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهانەوە، زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان سازی کردووە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە و ئاڵنگارییەکان کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:
به‌یانیتان باش..
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..
به‌خێرهاتنی هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌م، ئه‌و میوانه به‌ڕێزانه‌ی كه له ده‌ره‌وه ته‌شریفیان هێناوه، ئه‌وانه‌ی كه له به‌غدا ته‌شریفیان هێناوه، ئه‌و پارێزگارانه‌ی كه له شوێنه‌كانی دیکەی عێراقەوە ته‌شریفیان هێناوه، هه‌موولایه‌كتان به خێر بێن.
ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی كاكه بافڵ تاڵەبانی بكه‌م، خۆشحاڵین كه ئه‌مساڵ ئه‌ویش له دهۆك له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شداره، زۆر به خێر بێی، سه‌رچاو. هه‌روه‌ك هه‌موولایه‌ك ئاگادارن ئێمه له ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان كردووه، كۆبوونه‌وه‌كانمان زۆر باش بوون، كاك بافڵ و كاكه قوباد و به‌نده و كاك مه‌سروور و خاڵ هۆشیاریش له‌گه‌ڵمان بوو، كۆبوونه‌وه‌كانمان باش بوو، په‌نا به خوا و بەو هیوایەی له ئاینده‌شدا ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بكه‌ین و بگه‌ین به لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. هه‌موولایه‌كتان به خێر بێن و هیوادارم كاتێكی خۆش و به‌سوود له دهۆك به‌سه‌ر به‌رن.
ده‌ستخۆشی له زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان ده‌كه‌م كه ساڵانه ئه‌م كۆڕبەندە ڕێكده‌خات و لەم کاتە گرنگەدا گفتوگۆ لەسەر چه‌ندین بایه‌تی گرنگ ده‌ربارەی ئاشتی و ئاساییش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق و هه‌رێمی كوردستان ساز ده‌كات. دەستخۆشییەکی تایبەت لە بەڕێز کاک مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکەم بۆ ئه‌م كاره گرنگه‌ی كه له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه له دهۆك كردوویه‌تی به دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له دهۆك و ئه‌م كۆڕبه‌نده، زۆر سوپاس.
بەڕێزان..
ئه‌مساڵ كۆڕبەندەکە هاوكاته له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌كی مه‌ترسیداری دۆخی ناوچه‌كه‌دا كه هه‌ڕه‌شه له ئارامی و سه‌قامگیریی ئەم ناوچه‌یه و جیهانیش دەکات. ئەم دۆخە هەموو جیهانی خستووەتە ئاڵۆزییەکی گەورەوە. ئاسایش و سه‌قامگیری و ئابووریی جیهان پێكه‌وه به‌ستراوه و ڕووداوه‌كان له هه‌ر كوێ بن، به ئاستی خۆیان كاریگه‌رییان به‌سه‌ر دۆخی جیهانه‌وه هه‌یه. شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئاسایشی جیهانی، چەمکێکی واتادار و ڕاستەقینەیە.
به‌رفراوانبوونی شه‌ڕی ئسرائیل و حه‌ماس، تێوه‌گلانی زیاتری هێزه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان له كێشه‌كه‌دا، دۆخه‌كه سه‌ختتر و ترسناكتریش ده‌كات. لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌كه و له‌سه‌ر جیهانیش به‌گشتی، خراپتر و درێژخایه‌ن ده‌بن.
له دۆخێكی ئاوادا، ئێمه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ له هه‌موو كاتێك زیاتر، به‌وپه‌ڕی وشیارییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ین. هه‌ر چۆنێك بێت، به هیچ پاساوێك نابێ ڕێگه بده‌ین عێراق بخزێته ناو ئەم شەڕە و كێشه و ئاڵۆزیی زیاترەوە، چونكه زیانێكی زۆری لێ ده‌دات.
عێراق ده‌بێ سه‌قامگیر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێشبكه‌وێت. ئێستا کاتی ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە عێراق بکەینە گۆڕەپانی چارەسەری کێشەکانی خەڵکی عێراق، نەک گۆڕەپانی درێژکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان له ناوچەکە.
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان حه‌ماس و ئسرائیل، ڕاستییه‌كی ساده‌ی سه‌لماند، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: كێشه‌كان به دواخستن و كپكردن چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵكوو گه‌وره‌تر ده‌بن و ڕۆژێك خراپتر ده‌ته‌قێته‌وه. هێز و شه‌ڕ و توندوتیژی، هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات. ڕه‌نگه له كات و بارودۆخێكدا بۆ ماوه‌یه‌ك كپ و بێده‌نگیان بكات، به‌ڵام كێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. ڕێگەی ڕاست ئاشتییە، ئازایەتیی ڕاستەقینەش، چارەسەرکردنی کێشەکانە.
شه‌ڕ جگە لە په‌ره‌سه‌ندنی بیری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و توندوتیژی و وێرانکاری، هیچی دیكه‌ی لێناكه‌وێته‌وه، ئه‌وکاتیش هه‌مووان ده‌بێ باجی گه‌وره بده‌ن، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دات و ئه‌گه‌ر ڕێگری لێ نه‌كرێت، خراپتر و گه‌وره‌تریش ده‌بێت.
چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت وه‌ك له بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاتووه، كه مافی بوون و ئاشتی بۆ هه‌ردوولا مسۆگه‌ر بكات، تاقه ڕێگه‌ی نەمانی ئاڵۆزییه‌كان و كۆتاییهێنانه به كێشه‌كان. چه‌ندین ده‌یه له شه‌ڕ و پێكدادان تێپەڕین، چەندین دەیەی دیکەش لە خوێن و وێرانکاری هیچ ئەنجامێکی نابێت نه بۆ فەلەستین و نه بۆ ئیسرائیل. چارەسەر، ئازایەتی و ئیراده‌ی جدییه بۆ ئاشتی.
ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو جیهان هەوڵ بدات ئەم شەڕە ڕابگیرێت. کوشتن و تێكدانی ژیانی خەڵکی مەدەنی له غه‌ززه کۆتایی پێبهێندرێت، دیل و بارمتە مەدەنییەکان ئازاد بکرێن. دوای ئەوەش چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت. ئه‌گینا دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژوو، هه‌ر هه‌مان ئه‌نجامی ئێستای دەبێت و دیسان له‌ناكاو به‌یانییه‌ك له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوونێكی خراپتری دۆخه‌كه‌دا، به ئاگا دێینه‌وه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز…
له عێراق، بیست ساڵی ئه‌زموونی ئازادیی عێراق، ده‌كرا زۆر باشتر بووایه ئه‌گه‌ر ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرابووایە و فیدراڵی كه سیسته‌می عێراقه و گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه جێگیر بكرابا. جێبه‌جێنه‌كردنی سیستمی فیدراڵی، پابه‌ندنەبوون به ده‌ستووره‌وه، زۆر كێشه و ناكۆكیی سیاسی هێناوه‌ته ئاراوه و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی له عێراق دروستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیریی عێراق، هەمیشە بە لەرزۆک ببینرێت.
چارەسەر گهڕانهوەیە بۆ بنه‌ماكانی (هاوبه‌شی، سازان، هاوسه‌نگی) كه عێراقی نوێ له‌سه‌ری دامه‌زراوه و ڕۆحی نووسینه‌وه‌ی دەستووری عێراقه. دەستەبژێری سیاسیی عێراق دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگەیە. زۆر پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق هاوکار بن بۆ دانانی ئەو یاسایانەی دەستوور داوایان کردووه، هەروەها هاوکاریی حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت بن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.
سیستمی فیدراڵی، بنه‌مای دەستووری عێراقە، فیدراڵی دەتوانێت یەکسانی و هاوبەشییەکی تەواو بۆ هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق دابین بکات. خەڵکی عێراق بەو هاوبەشییە لەڕووی ئابوورییەوە پێشدەکەوێت و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە یەکگرتوو دەبێت. هەر ئەمەشه نه‌خشه‌ڕێگه‌ی دروستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له عێراق. ڕه‌فتاركردن و بیركردنه‌وه به پێوه‌ر و لۆژیكی هێز، هیچ ده‌ردێكی عێراق ده‌رمان ناكات، به‌ڵكوو كێشه‌كان له‌م وڵاته ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر ده‌كات.
عێراق بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیر و پارێزراو بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێشبكه‌وێت و شوێنی شایسته‌ی خۆی له ناوچه‌كه و له جیهاندا بگرێت، ده‌بێ بێ جیاوازی، وڵاتی هه‌موو پێكهاته‌كان بێت، مافی هیچ پێكهاته‌یه‌ك زه‌وت و پێشێل نه‌كرێت. هیچ پێكهاته‌یه‌ك به هیچ شێوه‌یه‌ك له عێراق نابێت په‌راوێز بخرێت. عێراق به پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی بەهێز دەبێت، بە جیاکاری و ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی، لاواز دەبێ و دوادەکەوێت.
ده‌بێ هه‌موو پێكهاته‌كان هاوبه‌ش و به‌شدار بن له بڕیاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا. هیچ پێكهاته و هاووڵاتییه‌كی عێراق، له هه‌ر ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت، هەست بە سته‌ملێکردن و جیاکاری و جیاوازی نەکات، بەڵکوو هه‌ست بكه‌ن هه‌موویان وه‌ك یه‌ك، خاوەنی ئەم دەوڵەتەن.
ئه‌گه‌ر دەستەبژێری سیاسیی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بە ڕۆح و نێوەڕۆکی دەستووری عێراق بکەن، چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئاسانه. كێشه‌كان هێنده مه‌حاڵ نین كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێن. مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا بیركردنه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر به دروستی بیر بكه‌ینه‌وه، بیر له له‌یه‌كتێگه‌یشتن بۆ هاوبه‌شی و پێكه‌وژیانی ئاشتیانه بكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر وڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بخه‌ینه سه‌رووی هه‌موو پێناسه و شتێكی دیكه‌وه، ئه‌وکات ده‌بینین چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان ئاسان ده‌بێت.
له دۆخی ئاڵۆزی ئێستای ناوچه‌كەدا، ئێمه له عێراق ده‌بێ زۆر به دانایی و وشیارانه ڕه‌فتار بكه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بتوانێت ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئاڵنگارییه‌كان ببێته‌وه، ده‌بێ كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. ئێستا پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویسته. عێراق هێشتا به ده‌ست لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی داعشه‌وه ده‌ناڵێنێت، هێشتا كێشه‌ی ئابووری و خزمه‌تگوزاری هه‌یه، پێویستی به سه‌قامگیری و حه‌سانه‌وه‌یه. هه‌ر هه‌نگاوێك سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات لاواز بكات، ژیانی خەڵکی عێراق تێکدەدات.
به‌ڕێزان..
ئێمه پێمانوایه كلیلی سه‌قامگیریی عێراق، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق. ده‌ستووری عێراق نەخشەڕێگەیەکی زۆر ڕوونی چارەسەری کێشەکان داناوه. تەنیا پێویستیمان بە ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ چارەسەری کێشەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە.
هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه به‌پێی ده‌ستوور و به لهیهكترتێگهیشتنی هاوبه‌ش، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات. چاره‌سه‌رێك له به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی وڵات‌دا بێت و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌مووان مسۆگه‌ر بكات. ڕاستە هێشتا چارەسەر نییە، بەڵام بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردن لەنێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق، کارێکی زۆر گرنگە.
بێگومان ئه‌نجامه‌كانی گفتوگۆ تا ئێستا له ئاستی خواست و چاوه‌ڕوانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نین، به‌ڵام پێمانوایه بەردەوامبوونی گفتوگۆیەکان تاکە ڕێگه‌ی ڕاستە بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یه. ئێمە كۆڵ ناده‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان. لەوبارەشەوە بە پێزانینه‌وه لە هەوڵ و کاری بەڕێز محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵی دەڕوانین. لەلای ئێمەوە بە تەواوه‌تی پشتیوانی لێدەکرێت.
به‌رێزان، فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپ‌دا دەژین. خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا. قه‌یرانی دارایی و گوشار له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك له هه‌رێمی كوردستان، دەتوانرێت بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زوویی چارەسەر بکرێت. کارێکی زۆر پێویستە بە خێرایی ئەوە بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دڵەڕاوکێیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە کاریکردووەتە سەر ژیان و کار و بازاڕی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.
پێویسته په‌له بكرێت له نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كان بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، چەندین ملیار دۆلار زیانی به داهاتی گشتیی عێراق و ئابووریی وڵات گه‌یاندووه و هیچ سوودێكی بۆ عێراق تێدا نییه كه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت.
به‌ڕێزان..
له‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌دا، له هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و تێگه‌یشتنی دروستمان بۆ پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌ری لێكه‌وته‌كانی هه‌بێت. ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانە، ته‌بایی و یه‌كڕیزی و لەیهكترتێگهیشتن دروست بکەن. بۆ ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی پارتی و یه‌كێتی كه بگه‌نه لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و كێشه و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. کۆبوونەوەكانی ڕابردوومان کۆبوونەوی باش بوون، زۆر پێویستە کۆبوونەوانه بەردەوام بن.
هیچ كێشه‌یه‌ك هێنده ئاڵۆز نییه له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كاندا نییه كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. مه‌ترسی و ئاڵنگارییه‌كان كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه، له هه‌موو كێشه‌كان گه‌وره‌ترن و تاكه ڕێگه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان، ته‌نیا لێكتێگه‌یشتن، هاوبەشی و هاوکارییە.
لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لێره و له به‌غدا ته‌نیا به یه‌كده‌نگی لەسەر بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکانی هه‌رێم، ده‌توانن ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکەن و پارێزگاری له ده‌ستكه‌وت و مافەکانی خەڵکی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن كه له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌زاران شه‌هید و قوربانییان داوه بۆ گه‌یشتن به‌م ڕۆژه. بۆیه ئێستا كوردستانییان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه له هه‌موو كاتێك زیاتر چاویان له‌وه‌یه لایه‌نه سیاسییه‌كان یه‌كڕیز و ته‌با بن. هه‌ر ئه‌وه‌ش گه‌ره‌نتیی پاراستنی ده‌سكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانمان و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
وه‌ك له باسه‌كانی دیبه‌یت و گفتوگۆکانی ئه‌م كۆڕبەندەدا هاتووه، ئێمه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، جگه له ئاڵنگارییه سیاسی و ئه‌منی و ئابووری، له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌واش ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه. ئه‌مه به ڕاستی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددیه و پلان و كاری زۆری پێویستە بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچه‌كه كه‌م بكه‌ینه‌وه.
ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته زۆر به جددی وه‌ربگیرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌بێ له‌نێوان خۆیان و له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهانیشدا، هاریكاری و هاوبه‌شییان هەبێت. هیوادارین باس و دیبه‌یت و گفتوگۆكانی ئه‌م كۆڕبەندە یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ده‌ستنیشانكردنی ڕێگه و شێوازه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه.
هه‌روه‌ها بابه‌تی ژیریی ده‌ستكرد كه باسێكی دیكه‌ی كۆڕبەندەکەیە و باسێكی گه‌رمی ناوه‌نده زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی جیهانیشه، بابه‌تێكی جددی و گرنگه. زۆر کارێکی باشە زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان و زانكۆكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گرنگیی تایبه‌تی به‌م بواره بده‌ن. له‌سه‌ر ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كانی بوه‌ستن و له‌و ده‌رفه‌ت و مه‌ترسیانه بكۆڵنه‌وه كه له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یهێنێت و مۆرێكی گه‌وره له داهاتووی مرۆڤایه‌تی ده‌دات.
زۆر دڵخۆشم کە قوتابیان و لاوانی کوردستان هۆشیارییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بەپێی دەرفەت تێکەڵاوی باسەکانی ژیریی دەستکردیش بوونە. زۆر دڵخۆشم بە ئاست و هۆشیاریی نەوەی تازە لە کوردستان، هیوادارم ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست بکەن.
دووبارە هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ (كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و کاتێکی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان دەخوازم.
به‌خێر بێن سه‌رچاو.
زۆر سوپاس.