مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لەسەر بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆی دروستبوونی لافاو لە یەكێك لە شەقامەكانی دوبەی، هێزە ئەمنییەكان گەنجێكی عێراقی بە تەمەتی تەشهیركردن بە وڵاتەكەیان دەستگیر دەكەن.
باسم ڕەحیم خەڵكی كەربەلایە و ماوەی چەند ڕۆژێكە بۆ گەشت سەردانی دوبەی كردووە، دوای ئەوەی بە هۆی بارانێكی بەخوڕ لافاو شەقامێكی دوبەی دادەپۆشێت، بە تەنزەوە گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك بڵاو دەكاتەوە، دواتر بە هۆی ئەو گرتە ڤیدیۆیەوە خۆی لە پشت مێزی دادگا بینینەوە.
هێزە ئەمنییەكانی دوبەی باسمیان لەو هۆتێلە دەستگیركرد كە تێیدا نیشتەجێ بوو، یەكێك لە كەسوكاری باسم بۆ میدیاكانی عێراقی قسەی كردووە و دەڵێ “بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەكە كردووە و پارێزەرمان گرتووە تا بە زووترین كان باسم ئازاد بكەین.”
هاوڕێیەكی نزیكی باسم لە تیك تۆك لەسەر گرتە ڤیدیۆیەكە نووسیویەتی “تۆ وات دەزانی دوبەی عێراقە، تا بە ئارەزووی خۆت ڤیدیۆیی وا تۆمار بكەیت، ئەوان هەموو كارێك دەكەن بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان بە جوانی و باشی نیشانی دونیا بدەن، تۆش دەتەوێت بە یەك ڤیدیۆ ڕەنجی چەند ساڵی ئەوان لە فیڕۆ ببەیت.”