زاری كرمانجی-سۆران:
مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە کۆڕبەندی مێپس 2023 بیروبۆچوونەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن. دەشڵێت: “جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا تێدەپەڕن”.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، رایگەیاند: “ئەمە کۆڕبەندێکە بۆ ئاشتی و چارەسەریی کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “هەموومان دەزانین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی بە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا تێدەپەڕن. لێرە زۆر کەسایەتی ئەکادیمی، سیاسی، بڕیاردەر و سەرکردایەتیی حزبە سیاسییەکان لەناوەوە و دەرەوەی عێراقیش هاتوون بۆ ئەوەی بیروبۆچوونەکان ئاڵوگۆڕبکەن و باسی چارەسەرەکان بکەن”.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “چاوەڕێ دەکەین لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بەڵکوو پێشنیازی باش بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرین”.