مههدى محهممهد – زارى كرمانجى :
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو چەندین چالاكوان و هونەرمەندی كوردی خۆراسان، بە هۆی پۆشینی جلوبەرگی كوردی لە بۆنەكاندا، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكە بانگكراون و هەڕەشیان لێكراوە كە نابێت چیتر جلوبەرگی كوردی لە بۆنەكاندا بپۆشن.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگاكانی خۆراسانی باكوور و خۆراسانی ڕەزەوی، سەبارەت بە پۆشینی جلی كوردی لە ڕێوڕەسمەكان، هۆشدارییان داوەتە ئەو بەشداربووانەی جلی كوردی لەبەر دەكەن و بە هەموو شێوەیەكیش پۆشینی جلوبەرگی كوردی لە هونەرمەندان قەدەخە كردووە.
لای خۆشییەوە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە كە “ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قووچان، بجنورد، شیروان، ئیسفەراین، و دەرەگز ژمارەیەك لە هونەرمەندان و چالاكانی كوردییان بانگ كردووە و هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكردن هۆشدارییان پێیان داوە كە مافی لەبەر كردنی جلی كوردی (ئەو جلانەی كە لە كوردستان بەكار دێت) یان نییە.”
هەنگاو ئاشكراشی دەكات ئەو كەسانەی جلوبەرگی كوردی بپۆشن، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوكاری لە گەل حیزبە كوردستانییەكان دۆسیەیان بۆ دەكرێتەوە.
نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس لە كوردانی خۆراسان لە باكوور و ڕەزەوی خۆراسان دەژن و لە چەند ساڵی رابردوو لەلایەن چالاكوانانی مەدەنی و كولتووری و هونەری، كار لەسەر بەرزراگرتن و ژیاندنەوەی كولتووری كۆنی باب و باپیران دەكەن لەنێویشیاندا جلوبەرگی كۆنی كوردەواری خوراسان.