مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
برینداركردن و ڕاوەدوونانی كۆڵبەرانی كورد لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان بەردەوامە، تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئاماری سێ ڕۆژی برینداربوونی كۆڵبەرانی بڵاوكردەوە.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ڕاپۆرتی قوربانیانی كۆڵبەرانی كورد بە دەستی هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران لە ماوەی 15 تا 17ی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوكردەوە، لە ئامارەكە هاتووە “حەوت كۆڵبەر بە ناوەكانی دیاكۆ ڕەمەزانی، كیانووش پاشایی، زانیار ڕاحزاده، سمكۆ ڕەوازی، سەڵاح كەریمی، ئازاد نووری و حەمید ڕەزا حافزی، لە ڕۆژی چوارشەممەوە تا ڕۆژی هەینی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای كوردستان بە دەستڕێژی هێزە سنوور پارێزەكان بریندار بوون.”
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكانی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، هەردوو ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە و نەوسوودی پارێزگای كرماشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كوشندەترین ناوچە سنوورییەكان بووە بۆ كۆڵبەران و تەنیا لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا ٣ كۆڵبەر و كاسبكاری سەرسنوور، بە دەستڕێژی هێزە سنوور پارێزەكان كوژراون و زیاتر لە ٥٠ كۆڵبەریش بریندار بوون.