شەهلا رەشید- ڕواندز
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕواندزی گشتی، ئاماژە بە تەندروستی قوتابیان و منداڵانی نێو قوتابخانەكانی دەكات و دەڵێت” تیمەكانمان ماوە ماوە سەردانی خوێندنگەكان دەكەن بەمەبەستی پێدانی رێنمایی تەندروستی.
سەپان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕواندزی گشتی، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” تیمەكانی تەندروستیمان سەردانی قوتابخانەكان و باخچەكانی منداڵانی ناو قەزای ڕواندزیان كردووە و بەردەوامیشن، جگە لەوەی كە چاودێری پاك و خاوێنی ناو خوێندنگەكان دەكەن، هەروەها چاودێری فرۆشگاكانی ناو قوتابخانەكانیش دەكەن بۆ دڵنیابوون لە خواردنەكان، ئەم سەردانیكردنانەش بەردەوامن و جاری وا هەیە هەفتەی دوو یان سێ جار ئەنجامدەدرێن”.
گووتیشی” لەگەڵ ئەم سەردانیكردنانەدا سمینار و ڕێنماییەكانی تەندروستیش دەدرێنە قوتابخانەكان، ئەگەر لە هەر خوێندنگەیەكیش گومانی ئەوەی هەبوو كە پاك و خاوێن نییە ئەوا هۆشداری دەدرێتێ و بۆ هەفتەی دواتر دووبارە سەردانیان دەكرێن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان.