مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان لە ڕایگەیاندراوێكدا وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی لەبەرامبەر دواكەوتنی قیستی خانووبەرە وەردەگیرێت حەرام كرد و دەڵێ “گرێبەستەكە حەرامە و نابێت موسڵمان خۆی لێبدات.”
دوای ئەوەی كۆمەڵێك لە خاوەن نووسینگەكانی زەوی و زار (عەقارات) لە بارەی دانانی مەرجی غەرامەكردن لە كاتی دواكەوتنی دانەوەی قیستەكان لەكاتی فرۆشتنی خانوو بە قیست، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان بە چەند خاڵێك وەڵامی ئەوانی داوەتەوە و ئەو جۆرە مامەڵەیە بە حەرام ناو بردووە و دەڵێ “كۆمەڵێك لە خاوەن نووسینگەكانی عەقاڕات چەند پرسیارێكیان ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا كرد، سەبارەت بە دانانی مەرجی غەرامەكردن لە كاتی دواكەوتنی دانەوەی قیستەكان لەكاتی فرۆشتنی خانوو بە قیست و كاریگەری ئەو مەرجە لەسەر كاری عەقاڕات كە وەك نێوەندگیرێك كار دەكات بۆ پێكهێنانی كڕیار و فرۆشیار؛ بۆیە ئەنجوومەن بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی دانەوە :
1- بۆ هەر دوو لایەنی گرێبەست وەك یەك ڕیبایە و حەرامە، وە گرێبەستەكە هەر لە ئەوەلەوە (باتڵ)ە.
2- ئەگەر كڕیار لە ئەوەلیشەوە نیەتی تاخیركردنی قیستەكەی نەبێت، هەر دیسان حەرامە؛ مادام واژۆی كرد لەسەر گرێبەستەكە كە مەرجێكیان سەر دەكێشێت بۆ ڕیبا.
3- خاوەن عەقاڕاتەكانیش نابێت نێوانگیری بكەن لەو حەرامەدا.
4- بەڵام ئەگەر گرێبەستەكە خاڵی بوو لەو مەرجە (مەرجی غەرامەی تاخیربوون)؛ ئەوا هیچ كێشەیەكی شەرعی تیادا نییە.
5- پێشنیاری ئێمە ئەوەیە، كە ئەو مەرجە لاببرێت لەو گرێبەستەدا، لەجیاتی ئەوە دەتوانن هەركات تاخیر بوو كڕیارەكە؛ ئەوا ئیلزام بكرێت بەوەی كە زیاتر لە دوو قیست بدات لە كۆی ئەو مەبلەغەی كە لە سەرەتاوە لەسەری ڕێككەوتوون.
6- ئەگەر خاوەن عەقاڕاتەكان لە سەرەتاوە دڵنیا نەبوون لەوەی كە گرێبەستە یاسایییەكەی دووەم مەرجی غەرامەی تاخیربوونی تێدایە؛ ئەوا بۆ ئەمان كێشەیەكی شەرعی نابینینەوە، چونكە شەرع زاهیر بینە و حوكمی شەرعی لەسەر یەقین و دڵنیایی بونیات دەنرێت.”

































































