مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە كە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە بارەی ئازادكردنی بارمتەكان و ڕاگەیاندنی ئاگر بەست، گەیشتوون بە ڕێككەوتن، بەڵام گوتەبێژی كۆشكی سپی ڕەتیكردەوە هیچ ڕێكەوتنێك كرابێت و دەڵێ ئەمریكا لە نێوانگیری تایبەت بەو پرسە بەردەوامە لەگەڵ هەردوولا.
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە هاتووە، لە ڕێگەی نێوانگیری ئەمریكاوە، لە قۆناخی یەكەمدا بزووتنەوەی حەماس نزیكەی 50 بارمتە بە شێوەی گرووپ ئازاد دەكات و لەبەرامبەردا ئیسرائیل بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ئاگربەست ڕادەگەیەنێت،
بەڵام كۆشكی سپی بە زوویی وەڵامی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی دایەوە و گوتی تا ئێستا هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە.
ئەدریان وۆستن گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا(كۆشكی سپی) ڕایگەیاند:” تا ئێستا حەماس و ئیسرائیل لەسەر ڕاگرتنی شەڕ نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێك، بەڵام هەوڵەكان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامە.”