“بهێڵن با ئەم دیمەنە جوانە كە گومانم نییە فەرماندە و بەرپرسە باڵاكانتان خۆشحاڵ دەكات، منیش لە دوا چركەساتی ژیانم بیبینم، چونكە من تا ئێستا شێرێكی دەست و پێ بەستراوم لەناو كۆمەڵێك چەقەڵ نەدیوە.“
هیوا ساعدی
بەرەبەیانی ساڵی 1934 چەكدارەكانی حكومەتی دیكتاتۆری شا، لەناو حەوشی زیندانی قەسری تاران، بۆ كوشتنی یەكێك لە كەڵە پیاوەكانی بەختیاریی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، تفەنگەكانیان تاقی دەكردەوە. ئەو كەڵە پیاوە، عەلی مەردان خانی بەختیاری بوو.
عەلی مەردان خان كە بە (شێر عەلی مەردان)یش ناسراوە، كوڕی عەلیقولی خانی كوڕی محەممەد عەلی خانە. دایكی عەلی مەردان خان، بی بی مریەم كۆێخای ناسراوی بەختیارییەكان بوو. لە لایەن دایكییەوە وەك گەنجێكی ئازادیخواز پەروەردە كرا.
بی بی مریەم یەكێك لە كەسە ناسراوەكانی شۆڕشی مەشرووتە و گرتنی ئەسفەهان و تاران و جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بوو و لە مێژوودا وەك یەكەم كوێخای ژنی ئێران ناوی هاتووە.
لەمێژ بوو سیاسەتە نەگریسەكانی ڕەزاشا، كڵپەی شۆڕشی لەناو بەختیارییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا هەڵگیرساندبوو.
عەلی مەردان خان پاش ڕاوێژ لەگەڵ گەورەكانی عەشیرەتەكەی، بڕیاری دا سەرپەرشتیی شۆڕشی بەختیارییەكان دژی ڕەزاشا بكات. زۆری نەخایاند، عەشیرەتەكانی چوارلنگ و هەفت لنگ لە دەوری كۆ بوونەوە و زۆرترین خان و كوێخاكان كەوتنە هاوكاریكردنی ئەو شۆڕشە.
عەلی مەردان خان ساڵی 1929 بە دوو هەزار چەكدارەوە ”شاری كورد“ی گرت و ئەو توركانەی لەو شارە بەرپرس بوون، دەستگیر و زیندانی كرد. بەشێك لە ئەسفەهانیش كەوتە دەست بەختیارییەكان. حكومەتی ناوەندی لە چەندین قۆڵەوە هێرشی گەورەی كردە سەر بەختیارییەكان، بەڵام سوپاكەی عەلی مەردان خان شكستی بە لەشكرەكانی شا دا و ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە سەربازییەكانی حكومەت بە ڕووت و قووتی لەناو ”شاری كورد“ سواری گوێدرێژ و ئێستر كران.
لە ئەنجامدا حكومەت زۆرترین هێز و لەشكرەكانی لە چوار قۆڵەوە لە شاری كورد نزیك كردەوە و پاش ساڵێك شەڕكردن، بە میانگیری و ناوبژیوانیی ژمارەیەك كوێخا، عەلی مەردان، خۆی ڕادەستی تاران كرد. پاش ڕادەستبوونی عەلی مەردان خان، حكومەتی ناوەندی هەرچی بەڵێن بوو خستیە ژێر پێ و بڕیاری كوشتنی بۆ ئەو شۆڕشگێڕە دەركرد.
سەید جەعفەری پیشەوەری، لە زاری یەكێك لە زیندانییەكانەوە بەم جۆرە چیرۆكی كوشتنی عەلی مەردان خانی بەختیاری دەگێڕێتەوە: لە دوایین ساتەكان كە دەیانویست بیبەنە بەردەم چەكدارە بۆ تیر بارانكردن، كڵاوە پاڵەوییەكەی بە هێمای نەفرەت لە حكومەتی پاڵەوی فڕێ دا و بۆ خۆی هەستایە سەر پێ و ڕۆیشت. دواتر بە تەقەی چەند فیشەكێك بێدەنگ كرا.
”بزورگی عەلەوی“ نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراوی ئێران لەبارەی شەهیدكردنی عەلی مەردان خان دەنووسێت: ”عەلی مەردان خان، پۆشاكێكی جوان و ڕازاوەی لەبەر كردبوو و قژ و پرچی داهێنا و بە هەنگاوە قورسەكانی وەك مەنسووری حەلاج بەرەو شوێنی كوشتنی كەوتە ڕێ.
ڕۆیشت تا بە شەهیدبوونی پەڵەیەكی ڕەش بخاتە سەر مێژووی ڕەشی حكومەتی دیكتاتۆریی پەهلەوی و شانازیی مێژوو بۆ خۆی تۆمار بكات. كاتێك نزیك بووەوە بە بزەیەكەوە نەیهێشت پیاوكوژەكان چاوی ببەستن و بە ئارامی پەڕۆی سەرچاوی لادا و گوتی: بهێڵن با ئەم دیمەنە جوانە كە گومانم نییە فەرماندە و بەرپرسە باڵاكانتان خۆشحاڵ دەكات، منیش لە دوا چركەساتی ژیانم بیبینم، چونكە من تا ئێستا شێرێكی دەست و پێ بەستراوم لەناو كۆمەڵێك چەقەڵ نەدیوە.“