ئیسماعیل ئیبراهیم
بڕیاری دوور خستنەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەكەی، جارێكی دیكە دۆخی سیاسی عێراقی شەڵەقاند.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەر رەهەندێكی لە پشتەوە بێت، ئیتر گەڕانەوەی بۆ نییە و تەواو كەوتە واری جێبەجێكردنەوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە كاردانەوەكانی دوای ئەم بڕیارەن، كە راستەوخۆ دەستی ئێران لە رێگەی شیعەكانی عێراقییەوەی لە پشتە.
كاتێك بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراقی لە دژی هەرێمی كوردستان دەردەچوون، حەلبووسی یا بێ دەنگی هەڵدەبژارد، یا لایەنگیری بڕیاری دادگای دەكرد، ئەمڕۆش بەخۆی كەوتە داوێكەوە كە سەردەمانێك بۆ هەرێمی كوردستان دانرابوویەوە و ئێستا سوونەكان پێوە بوون.
ئەگەر ئەو كات حەلبووسی شان بە شانی كورد لە دژی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق هەڵوێستی توندی نواندبایە بێ گومان دۆخەكە بەم شێوەیە نەدەبوو.
هەر چەندە كوتلەی تەقەدوم بڕیاری بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقیدا و لە حكومەتیش دەكشێتەوە، بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری جەوهەری هەن كە وەڵامەكان ئاسان نین و رەنگە دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزییەك ببات كە بە ئاسانی چارەسەر نەكرێت، ئەمەش مەبەستی سەرەكی ئێرانە، بۆ ئەوەی گەردەلولی شەڕەكان لە دەرەوەی سنوورەكان بێت و ناحەزانی پێیەوە سەرقاڵ بكات.
شەڕی ئیسرائیل و فلستین، كە خەریكە لوبنانیش دەگرێتەوە و ئەگەری زۆرە سوریەش تێوەبگڵێت، وای لە زلهێزەكانی وەك ئەمریكا و ئەوروپا دەكات بیر لە ئەنتەرناتیڤێكی دیكە بكەنەوە، ئەگەر دۆخی عێراقیش بە هۆی بەهێزی هەژموونی شیعەگەرایی ئێرانی ئاڵۆز بێت، كاریگەری زۆر لەسەر ئابووری جیهان دادەنێت. ئەمەش وادەكات وڵاتانی خاوەن پیشەسازی مەزن رێگە نەدەن لەم دۆخە دەستكاری ئێران بكرێت، بەتایبەتی كە چاوەرێ دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو ئەمریكا و چین لەسەر ئاستی لوتكە لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئێران كۆ ببنەوە.
سیاسییەكان بەشێك لە هۆكاری گەشەكردنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە زیاتر بۆ دانانی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەم كۆبوونەوەیە دەبینن. لەبەر ئەوەی هەموویان راستەوخۆ دەستی ئێرانی لە پشتە.
سەركردایەتی سیاسی كورد دەبێ خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك و وەڵامی ئەم پرسیارە ئامادە بكات، لەبەر ئەوەی ئاماژەكان وا نیشان دەدەن كاتی گۆڕانكارییە مەزنەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە.
ئایا سوونەكان لە كۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەكشێنەوە؟
ئەگەر بكشێنەوە چی روودەدات؟
كورد دەبێ هەڵوێستی چی بێت ؟
بۆ چی لەم ساتە وەختە كە كورد لە رووی ئابووری بە تایبەتی هەناردەكردنی نەوتەوە پێویستی بە شیعەكانە ئەم بڕیار درا؟
كورد لە نێوان بەرداشی شیعە و سوونە دەست بۆ كامیان بەرێت كە وردنەبێت؟
ئەگەر ئەم سەركووتكردنەی سوونەكان سەر بگرێت دواتر نۆڕەی كام پێكهاتەیە ؟
گرنگە كورد ئەگەر بە سوودێكی مەزن لەم دۆخە دەرنەچێت، بەڵام بەر زیانێكی وێرانكەر نەكەوێت.