محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی:
دوێنێ سێ شەممە دەستکرا بەقیڕتاوکردنی بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکانی گەڕەکی جوندیان دوو لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، کە پێشتر دانیشتوانی ئەم گەڕەکە لەرێگەی زاری کرمانجی داوای قیڕتاوکردنی کۆڵانەکانیان دەکرد.
عوبێد گەزنەیی، دانیشتووی گەڕەکی جوندیان دووە بەزاری کرمانجی راگەیاند:“ بەناوی خۆم و دانیشتووانی گەڕەکی جوندیان دوو دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاری ئیدارە و قایمقام و سەرۆکی شارەوانی سۆران دەکەم کە توانرا دوای چاوەڕوانیەکی زۆر بەشێک لەشەقام و کۆڵانەکان قیڕتاو بکرێن و رزگارمان بێت لە قوڕو لیتەی زستان و تەپ و تۆزی هاوین.
لای خۆشیەوە هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند:“ رۆژی سێ شەممە دەستکرا بەقیرتاوکردنی بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکانی گەڕەکی جوندیان2 لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە کۆی گشتی تێچووی پڕۆژەکە، زیاتر لە 1ملیارد و 500 ملیۆن دینارە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو کۆڵان و شەقامانەی لەگەڕەکەکە قیڕتاو نەکراون و بەجێماون دانیشتوان داوا دەکەن ئەوانیش بێ بەش نەکرێن لەم پڕۆژەیە، بەپێی زانیاریەکانی زاری کرمانجی لەلایەن شارەوانی سۆران دەرخستەی تەواو کراوە و لە پلانی ئەوان دایە لە ماوەیەکی نزیک ئەم شوێنانەش قیڕتاو یاخود کۆنکرێت بکرێن.