مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چوار كۆڵبەری كورد كە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 21 ساڵی دایە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بوون و برینی یەكێكيان سەختە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، لە سنووری (هەنگەژاڵ) شاری بانە ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چوار كۆڵبەری مێردمنداڵی كورد بە ناوەكانی ئاروین محەممەدی تەمەن ١٤ ساڵ، ئیمان تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵكی سنە، هەروەها حوسێن 20 ساڵە و شاهۆ ی تەمەن 21 ساڵی خەڵكی بانە، بە چەكی تاپڕ (ساچمە) لەلایەن هێزە سنوورپارێزەكانی ئێران تەقەیان لێكراوە و برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆڵبەر نیووز ئاروین ی تەمەن 14 ساڵ ڕاستەوخۆ تەقەی لە دەموچاوی كراوە و بە سەختی برینداركراوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی كە لە كۆڵبەر نیووز بڵاو كراوەتەوە، لە ٦ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بە گشتی 85 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكان و ڕێگاكانی نێوان پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، كوردستان و كرماشان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەدا 13 كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و هەروەها 72 ی تریش برینداربوونە.

































































