مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە شوێنی پاشماوەی مۆڵگەیەكی سەربازیی ڕژێمی بەعس لە دامێنی چیای زۆزك، كەمپێكی گەورەی پشوودان دروست دەكرێت و سەرۆكی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان دەڵێ كەمپەكە دەبێتە پەناگەیەكی پشوودان و مانەوە بۆ شاخەوانان و هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران.
دانیال نەجم مزەفەر سەرۆكی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان لەبارەی پێكهاتەی كەمپەكە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “كەمپەكە لە دامێنی چیای زۆزك و لەسەر پانتایی 8 بە 12 دروست دەكرێت و دووەم نهۆم لە خۆ دەگرێت، نهۆمی یەكەم هۆڵێكی گەورەی تایبەت بە دانیشتن و چالاكی دەبێت و مێز و كورسی لێ دادەنرێت و نهۆمی دووەمی بۆ خەوتن و پشوودانە،”
سەرۆكی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو دەڵێ “كەمپەكە لەبەر دروست دەكرێت، دیوارەكانی 17 سم و بە بی ئاڕ سی هەڵدەستێنن و بەردی لە نێو دەكەین، درێژی كەمپەكە 8 بە 12 یە و بەرزی پێنج مەتر و نیوە، كەمپەكە بە شێوەیەك دروست دەكرێت كە لەگەڵ كەش و هەوای ناوچەكە بگونجێت.”
هەر وەكوو دانیال باسی دەكات، ئیدارەی سۆران تێچووی دروستكردنی كەمپەكەی لە ئەستۆ گرتووە و لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
كەمپەكە لە گردەگۆ بناری چیای زۆزك دروست دەكرێت و بە سەر سۆران و ڕواندز دەڕوانێت و سروشتێكی جوان و لەبارەی هەیە بۆ گەشتكردن و مانەوە، هەر وەكوو دانیال هێمای بۆ دەكات.
دروستكردنی كەمپەكە بە سێ قۆناخ تێپەڕ دەبێت، سەرەتا بنیاتنانی كەمپەكە، دواتر چاككردنی ڕێگای هاتووچۆكردن و دانانی كورسی پشوودان و ڕووناككردنەوەی ڕێگاكە، هەروەها دروستكردنی گەراجێك بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.
دانیال باس لە كارەكانی دوای تەواوبوونی كەمپەكە دەكات و دەڵێ “لەپێناو ئاسانكاری بۆ شاخەوانان و گەشتیاران و دووربوون لە ڕووداوی نەخوازراو، كاری داهاتوومان دیاركردنی ڕێگای سەركەوتن بۆ سەر لووتكە چیای زۆزك دەبێت لەسەر نەخشە و GPS،”
لەسەر ئەوەش كە بۆچی پاشماوەی مۆڵگەیەكی سەربازیی بەعسیان هەڵبژاردووە بۆ دروستكردنی كەمپەكە، سەرۆكی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان دەڵێ ” دەمانەوێت پاشماوەی دڕندەیی ئەوان بگۆڕین بۆ شوێنی دڵخۆشی و پشوودان و ئارامبوونەوە،”
دانیال ئەوەش دەڵێ دەزگای مین بەڵێنی پێداون كە ڕووپێوی ناوچەكە بكات بۆ هەڵگرتنەوە و نەهێشتنی پاشماوەی مین و تەقەمەنی جەنگ.