” سوپای پاسدارانی ئێران بە پیادە داخلی سنووری هەرێمی كوردستان نەبووە “
” نیگەرانین لەو تۆپبارانە هەڕەمەكیەی ئێران لە گوند و ئاواییەكانی سنوورەكەمان دەكات “
موڕشید برادۆستی – سۆران:
لە دیدارێکی زاری کرمانجیدا, لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد, باس لە تۆپباران و بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست و باڵەكایەتی دەكات و دەڵێت:” ماوەی چەند رۆژێكە سوپای پاسدارانی ئێران بە هەڕەمی گوند و ئاواییەكانی ناوچەی برادۆست و باڵەكایەتی تۆپباران و بۆردومان دەكات، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری لای گوندنشین و کاسبکاران دروست کردووە و زیانی زۆریش بەر ئابووری هەرێمی كوردستان دەگەینێت .
ئێران دەیەوێت سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک لەنێوخۆی وڵاتەکەی لابدات
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد, دەڵێت:” لە ئێستادا كاتی كار و كاسبی و جوتیار و گوندنشینانە، هەروەها رەوەند و كۆچەرییەكان لە كوێستانەكان سەرقاڵی كاسبی خۆیانن، بەهۆی ئەو نائارامی و تۆپبارانانە ناچارن بهێنە خوارەوە، لە كاتێكدا كاتی فرۆشتنی بەرهەمە كشتووكاڵییەكانی جوتیارانە و بەهۆی تۆپباران بەوناچاری بەجێی دەهێڵن، بۆیە ئەم تۆپبارانە, کاریگەری نەرێنی لەسەر بار و دۆخی ئەمنی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئێمە دەكات لە ناوچە سنووریەكان .
لیوا بەهرام عەریف یاسین, دووپاتی لەوەدەکاتەوە:” جیا لە تۆپباران و بۆردومانەکانی سنوورەکەمان, ئەوەی بینیمان لە ناوچەكانی دیكەی کوردستان, ئێران موشەك باران و تۆپبارانی کرد زیانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوە، بۆیە تەنها بیانووە دەهێنێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ناڕەزایی خەڵك كە هەموو ناوچەكانی ئێرانی گرتۆتەوە لابدەن و بیخەنە سەر ئەو تۆپباران و بۆردومانەی هەرێمی كوردستان.
ئاشکراشی کرد:” پێشمەرگە و حزبەكانی رۆژهەلات راچاوی بار و دۆخی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بەشێك نین لە كێشە، پێشمەرگەكانیان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەرباز نەبووە تا ببێتە بەشێك لەو كێشەی لە نێو خۆی ئێراندا هەیە، ئەوەی هەیە تەنها بەهانە و بیانوو هێنانەوەیە بە هەرێمی كوردستان، تێكدانی بار و دۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستانە .
سوپای پاسداران بە پیادە داخڵی هەرێمی کوردستان نەبووە
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد, روونی دەکاتەوە:” تا ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران بەشێوەی پیادە داخلی هەرێمی كوردستان نەبووە، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو ئامادەییەكمان تێدایە بۆ هەر روبەڕوو بوونەوەیەك لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا”.
ئاماژەشی بەوەدا:” لەو دۆخی نیگەرانین و لە پەیوەندی داین لەگەڵ سەرووی خۆمان,حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كونسڵخانەی ئێران لەسەر خەتە، داوا لە كۆماری ئیسلامی كراوە هەرچی زووە ئەو تۆپباران و بۆردومانە هەڕەمەكییانەی هەیە لە نێو خاكی كوردستان رای بگرێت، چونکە ئەوەی ئێران دەیكات دروست پێچەوانەی ئەو گفتووگۆیانەیە كە لە ماوەی رابردوو لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئەنجامداوە، چونكە لە ماوەی رابردوو گفتووگۆ كراوە بۆ ئاسایی كردنەوەی بار و دۆخەكە و كردنەوەی دەروازەی سنووری و گرنگیدان بە لایەنی بازرگانی و گەشتیاری، ئەو دۆخەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە سوودی بۆ ئێران نابێت .
ناشی شارێتەوە:” ئێمە لە معاناتی خەڵكی خۆمان بە تایبەت لە گوندە سنووریەكانی براۆدست و باڵەكایەتی تێدەگەین، دەزانین لە دۆخێكی نائارام و ناخۆشدان، ئەمەش هۆكاری سەرەكی تۆپباران و بۆردومانەكانی ئێرانە .
بەشێک لە ئەفسەر و پلەداری پێشمەرگە خانەشین دەبن و هەوڵی دامەزراندنی پێشمەرگە دەدرێت
لیوا بەهرام عەریف یاسین, ئەوەشی خستەڕوو:” لە ماوەی رۆژانی رابردوو، بەبڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆری ئەفسەر و پلەدای پێشمەرگەی یەكەی 80 خانەنشین كران، هەموو ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوە بۆ تەمەنی دیاری كراو خانەنشین دەبن، بەڕێزەوە دەنێردرێنەوە ماڵەوە، هەموو كات بەشێكن لە یەكەی ئێمە، هەر كات پێویستیشیمان پێیان هەبێت ئامادەن بیانگەڕێنینەوە و سودیان لێ دەبینین .
بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین نوێبونەوەیەك بكەین، ئەوانەی ساڵانێكی دوروو درێژە خزمەت و خەباتیان هەیە، خانەنشین دەكرێن خەڵكی دیكە لە شوێنیان دابندرێت .
گووتیشی:” بە بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرجەم یەكەكانی 80 دەخرێنە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكەی ژمێریاری 80 خراوەتە سەر ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە داهاتووشدا میلاکی پێشمەرگە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە .
لە بارەی دامەزراندنی پێشمەرگە لە فەرماندەی هەڵگۆرد، فەرماندەی فەڕماندەکە, دەڵێت:” لە سنووری چالاكی فەرماندەییمان، ناوچەیەك و جوگرافیایەكی بەرفراوانمان لەو سنوورە هەیە، پێویستمان بە میلاك و هێزی زیاتر هەیە تا خەڵك و سنوورەكانمان بە باشی بپارێزین، هەوڵ دەدەین میلاكێك بۆ فەرماندەی هەڵگۆرد زیاد بكەین و خەڵكێكی نوێ دابمەزرێنین”.