محەممەد مەحموود- سۆران :
تائێستا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاقیگەی تایبەت بە پشکنینی خۆڵ و ئاو نییەو جووتیارانیش داوادەکەن بەش و تاقیگەی لەم جۆرە بکرێنەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی دانانی باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان پشکنین بۆ جۆری خاک بکرێت لە رووی داچاندن و شیاوی ئەو خاکە بۆ کاری کشتوکاڵی .
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند ” تا ئێستا لە سنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەو پێیەی بابەتی کشتوکاڵ بە شێوەیەکی گشتی وەک پێویست بایەخی پێ نەدراوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ نوێین، هەوڵمان داوە وە لە پلانماندایە کە تاقیگەیەک هەم بۆ خاک هەم بۆ ئاو بێنیە ئیدارەی سۆران ، ئەوەش تەنها بۆ پشکینی خاک نا بەتەنها، بەڵکو بۆ ئاویش گرنگە ، لەوانەیە ئەو ئاوەی بەکاردێت بۆ ئاودان و کاری کشتوکاڵی هەندێ ماددەی تێدابێت کەوا زیان بەخش بێت بۆ بەربوومەکان و بەکەڵکی ئەوەنێت بۆ کاری کشتوکاڵی بەکار بێت “.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” جوتیارمان هەیە لەوانەیە چەند ساڵێک بێت سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بێت و کاری باخداری بکات، لە کۆتاییدا دەبینی باخچەکەی هیچ بەروبوو مێکی وای نییە، ئەوە لە ئەنجامی ئەوەیە کەوا بایەخ بە جۆری پشکنین نەدراوە بۆ ئەو زەوی و خاکەی کەوا کراوەتە باخچە، بۆیە دەمانەوێت ئامادەکاری بۆ ئەو کارە بکەین و تاقیگەی پێویست دابمەزرێنین بۆ خزمەتی جووتیاران .