مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامێكی نووسراودا داوا لە لایەنگرانی دەكات بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن و دەشڵێت بەشداری نەكردنمان شەرعیەتی هەڵبژاردن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆدا كەم دەكاتەوە.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر سەبارەت بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا هەڵوێستی خۆی بۆ لایەنگرانی دەخاتە ڕوو و دەڵێ “یەكڕیزی و گوێڕایەڵی و دڵسۆزیی، گرنگترین ئەو شتانەن كە بنكەی جەماوەری سەدر لەوانی تر جیا دەكاتەوە،”
داوا لە لایەنگرانیشی دەكات پابەند بەو بەرنامەیە بن كە ڕەوتەكەیان لە پێناو چاكسازی خەباتی بۆ دەكات و دەڵێ “ئەگەر موقتەدا سەدریش بمرێت، دەبێت پابەند بن بە چاكسازی،”
لە بەشێكی تری نووسراوەكەدا موقتەدا سەدر بەشداریكردنی لایەنگرانی لە هەڵبژاردندا بە دڵتەنگی و بێزاربوونی خۆی دەزانێت و دەڵێ “بەشداریكردنتان لەگەڵ گەندەڵكاران زۆر دڵتەنگم دەكات، بایكۆتی هەڵبژاردنەكانتان شتێكە دڵخۆشم دەكات و دوژمنانیش دەبوغزێنێت.”