رێبوار حەمەلاو شوانی
گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی بە زۆر لكاندییەوە بە سەر چوار وڵاتی داگیركەری ” ئێران، توركیا ، سووریا و عێراق” لەلایەن ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو وڵاتانەوە رووبەڕووی ستەمكاری زۆر بۆتەوە بەتایبەت ڕژێمی ستەمكاری ئێرانەوە كە لەماوەی دەیان ساڵی رابردوو نەك تەنها لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڵكو بەشەكانی تری كوردستانیش بە هەموو جۆرە چەك و پیلانگێرییەك هەوڵی خامۆشكردن و ڕێگریكردنی نەتەوەی كورد كردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی و بەتایبەت كە ئێستا بە جۆرەها چەكی پێشكەوتوو و وێرانكەری وەك مووشەكی بالستیك و درۆن و تۆپی دوور هاوێژ و تیرۆر بەردەوامە لە شەهیدكردن و سیاسەتی قڕكردنی كورد .
ئاشكرایە ، 43 ساڵە رٍژێمی ئێران نەك تەنها بۆ گەلانی ناوچە و دراوسێیەكانی بووەتە مایەی دەردە سەر و كێشەی قوڵ و تیرۆر و كوشتن و دەستوەردان و تراژیدیای گەورە بە هەمان شێوە لە نێو خۆشی وەك رژێمێكی ستەمكاری مامەڵەی كردووە بە شێوەیەك لە پێناو مانەوەی لە سەر كورسی دەسەڵات دەستی نەپاراستووە لە بەكارهێنانی جۆرها مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە بۆ خامۆشكردن و بێدەنگكردنی دەنگی ناڕەزایی گەلانی ئەو وڵاتە هەر لە تیرۆركردنیان و لە سێدارەدانیان تا برسیكردن و زیندانیكردن و تاوانی تر كە ئەمرۆ وایانكردووە كە راپەرٍین و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمە سەركوتكارە بگاتە لووتكە .
لایەكی ترەوە ، بێ متمانەیەكی زۆر لە نێو سوپای پاسداران كە تاكە هێزی دڕندەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازان ومافخوازان بەتایبەت لە دوای نەخۆشكەوتنی خامنەیی رابەری مەزهەبی یان كە بە مردنی ئەگەری ناكۆكی و سەرهەڵدانەكان زیاتر دەكات و دۆزی ئێران زیاتر بەرەو شڵەژان دەبات ، بەتایبەت كە وەك دەبینرێت شەهیدكردنی ژینا كەریمی وەك هەوێنی راپەرینە سەرەتا سەرییەكان ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان كە گەلانی ئێران بێجگە لە برسیێتی و هەژاری و ماڵوێرانی داوای ئازادی و كۆتایی هێنان بەگەندەڵكاری و چەوسانەوەیان دەكەن ، بەتایبەت كە كوران و كچانی لاویی ئێران ئەو چین وتوێژانەنن كە رووبەڕووی پەراوێز خستن و بێ ئومێدی بوونەتەوە و ئێستا دەیانهەوێت بەڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایی و گۆڕینی ئەو سیستەمە ستەمكارە داهاتوویەكی پڕ ئومێد بنیات بنێین .
دەمهەوێت بڵێم كە ئێران دوای ئەوەی زۆر هەوڵی دا كێشە ناخۆییەكان بگوازێتەوە دەرەوەی سنوورەكانی كە مەبەستم سووریا ، عێراق ، لوبنان و یەمەن و چەند شوێنكی ترە ، ئینجا لە ڕێگەی تۆمەتباركردنی ” بریتانیا، ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئینجا نەتەوەی كورد بە دیاریكراویی هەرێمی كوردستان بكاتە پاساو بۆ پەڵاماردان و مووشەكبارانكردن و درۆنباركردنی و هێرشی تیرۆریستی تا بەخەیاڵ وخەونی حوشتری گوایە دەتوانێت سەرنج و رایی نێوخۆیی و دەرەكیی بەپەڵاماردانی چەند بارەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژ هەڵاتی كوردستان لە زڕگوێز و پردێ و كۆیە ناڕەزاییە سەرانسەرییەكان و شكست و ریسواییەكانی بشاڕێتەوە لەكاتێكدا باش ئەو راستییە دەزانێت لە ماوەی سێ دەیەی حكوومرانی هەرێمی كوردستان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەمیشە ڕەچاویی بارودۆخ و پەیوەندییەكانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێی و ناوچەكەیان گڕتووە و هەرگیز نەبوونەتە هەڕەشە و ناسەقامگیری و زۆر بە وریایی و وردبیینەوە مامەڵەیان لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ئە ئەزموونە كە هیوای وئاواتی هەموو كوردێكە كردووە .
ئێران ئەو ڕژێمە ترسنۆكەیە كە لە ماوەی رابردوو ، ئەمەریكا و ئیسرائیل گورزی گوشندەیان هەر لە كوشتنی دەیان فەرماندەی سەربازی و زانایی ئەتۆمی و مووشەكی و ئینجا قاسم سولەیمانی و هێرشكردنە لە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەكی و سەربازییەكانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە ، بەڵام نەك هەر نەیتوانیووە بچووكترین وەڵامدانەوەی هەبێت ، بەڵكو ڕق و كینەی ئەو ڕژێمە تەنها هەر پەلاماری كوردو كوردو كوردو كورد ئەدات. باشترین و بێوەی ترین و بێ كاردانەوەترین ڕێگە ئەو هەڵی بژێرێت ئەوەیە مووشەكبارانی كوردستان بكات. بۆ ئەوەی خەڵك بترسێنێت ملی هەزاران كوردی كردووە بە سرنگدا. چونكە كورد درۆنی نییە، مووشەكی بالیستی و دەوڵەتی نییە
هەروەها ڕژێمە ئێران مەبەستێتی ئەو راپەڕین و بەرخودانانەی گەلانی ئێران بە رێگەی سیناریۆ تۆمەتباركردنی هێزە و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕێگەی هێزی چەكداری سەركەوت بكات و بە جیهان بڵێت كە ئەوا حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها لە پشت ئەو راپەڕینانەن بەڵام نازانێت كە راپەرینەكانی ئێران سەرتا سەرین .
ئەو ڕژێمە ستەمكارانە بەتایبەت ڕژێمی ئێران بێجگە لەبەكارهێنانی مووشەك و درۆن و چەكی پێشكەوتوو و هەموو جۆرە گروپێكی میلیشایی و تیرۆریستی بەناوی جۆرجۆراو بە رەنگە زۆرجاریش لە نێو خۆیی كوردستان دروست و ئینجا بۆ لێدانی كورد وكوردستان و ڕێگریكردن لە گەیشتن بەئامانجەكانی تاقی و بەكار بهێنن ، لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستانیش چەندین جۆریان دروستكرد و نەمان و ئێستاش چەند جۆری تر بوونیان هەیە كە وەك هێزێكی سێبەری ئەو دوژمن و ڕژێمە ستەمكارانە لە دژی خەبات و بزاڤی رزگاریخوازی بەكاردەهێنرێن .
ئەوەی ئێستا ڕژێمی ئێران بە هێرش وپەڵاماردانی هەرێمی كوردستان و لە دژی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەنجامی دەدات بەتایبەت خێوتگەی پەنابەران ، قوتابخانەی منداڵان و خەڵكی سڤیل ، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو ڕق و كینە و شكستە یەك لەدوای یەكەكانی كە لە سەرئاستی نێوخۆیی بە هۆی ناڕەزاییەكان و ئینجا لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە ڕووبەرووی ڕژێمی تاران بوونەتەوە .
ئەوەی خوێندنەوەی بۆ ڕژێمی ئێران و سیاسەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر دەكرێت ، نقوومبوونێتی لە نێو قەیران و گەمارۆیی ئابووری وسیاسی و گۆشەگیربوونی زیاتری و ئینجا دەركردنی وكۆكردنەوەی هێزو میلیشكانیانە هەر لە سوریا و لوبنان و عێراق بۆ نێۆخۆیی ئەو وڵاتەوە ، هەڵبەت ناكرێت ئەوەش فەرامۆش بكەین ، ئەوە بۆ ڕژێمە سەركەوتكار و ستەمكارەكانی تورك و سووریا و عێراقیش بەهەمان شێوەیە كە درێغیان نەكردووە لە سیاسەتی لەناوبردنی نەتەوەیی كورد بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو ، بەڵام دەمهەوێت بڵێم كە بەدرێژایی مێژوو زۆر چەك و پیلانگێری و گەلەكۆمەكی دژی كورد تاقیكرانەوە بەڵام كورد هەر ماوە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە ، ئەو رۆژەش نزیكە كە كورد كە خاوەنی زیاتر لە 50 ملیۆن كەسە و تا ئێستا بێ دەوڵەتە بگاتە ماف و ئامانجێكی رەوا لە نێو داگیركەرانی وەك ” فارس، تورك و عەرەب ” كە خاك و نیشتیمانی كوردستانیان داگیركردووە و ستەمێكی زۆر وبێ شوومارو زۆرهەوڵی شكستخواردوویان بۆ نادیدەگڕتنی كورد وكوردستان ئەنجامداوە.