لە لێدوانێكیدا وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق رایگەیاند” هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەگەن بە رێككەوتن”.
بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق، لە لێدوانێكدا بە كوردستان 24ی ڕاگەیاندووە” شاندەكەی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوتی فیدراڵی لە هەولێرن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركی و توركیاش هیچ كێشەیەكی لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم نییە”.
ئەم وەزیرە زیاتر روونیكردەووە” هەولێر و بەغدا بۆ ئەو پرسە دەگەن بە رێككەوتن، ئەو كێشانەی ماوە لەگەڵ كۆمپانیاكانە و چارەسەر دەكرێن و دواتریش دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە”.
بەنگین رێكانی زیاتر گووتی ” لە یاسای بودجەی فیدراڵی پارەیەكی زۆر كەم بۆ كۆمپانیاكان دانراوە، كە ناگاتە بەهای كاركردنی كۆمپانیاكان لە پرۆسەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و لە هەوڵی ئەوەشدان كە ئەو پارەیە زیادبكرێت”.