د. ئازا – زاری كرمانجی:
حەسەن مستەفا، مامۆستا لە بەشی یاسا لە فاكەڵتیی ئاداب- زانكۆی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی ٦ تاوەكو ٨ی مانگی ٢٠٢٣/١١، یازدەهەمین كۆڕبەندی جیهانی لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و سەروەری یاسا بەڕێوەچوو.
م. حەسەن، گوتیشی: بە خۆشحاڵییەوە لەم كۆربەندەدا وەك كوڕە كوردێك بەشدار بووم و پڕۆژەم هەبوو لە بابەتەكانی “ بەهێزكردنی دیموكراسی و ئاشتی لە كوردستان لە رێگەی چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەكان و پارتۆكڕاسی وەك بەربەستێك لەبەردەم گەشەی دمۆكراسی.
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سۆران، گوتیشی: زۆر سوودم بینی لەم بابەتانەی كە لەم كۆڕبەندا گفتوگۆ و باسیان لەبارەیەوە دەكرا كە لە لایەن شارەزایان و بەشداربووان گفتوگۆ لەبارەی چەندین پرس كرا، لەوانەش: هونەری دیاڵۆگ – ڕێگا نوێیەكانی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان – دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی – مەعریفە هێزە – ژنان و بنیاتنانی ئاشتی – ڕاستی تاوانەكانی جەنگ – سوودوەرگرتن لە بەڵگەی ئەلیكترۆنی و سۆشیال میدیا- بنیاتنانی ئاشتی و دیموكراسی لە دەرەوەی سنوورەكان – سەردەمی ناڕەزایەتی جیهانی – تێگەیشتنی نێوان كولتوورەكان – ئازادی ڕادەربڕین و زانیاری – شەفافیەت و لێپرسینەوە – كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نائەمنی دیموكراسی – ڕۆژنامەوانی كارتۆنیست و زۆر بابەتی تر.