نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە كونسوڵی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كرد كە بۆ یەكەمجارە قەتەر لە هەرێمی كوردستان كونسوڵگەی دەكاتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی تشرینی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە حوسێن عەلی ساڵح ئەلفەزالە یەكەم كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كرد كە دوای كردنەوەی كونسوڵگەی گشتیی قەتەر لە هەولێر، دەستبەكار بوو.
لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی ئەلفەزالە، هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی پێگەیاند، ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكانی لەگەڵ قەتەر دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی قەتەر، سڵاو و ڕێزی میری قەتەری بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیاند، خۆشحاڵیی خۆی بە كردنەوەی كونسوڵگەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی دەربڕی. هەروەها دووپاتی لەوە كردەوە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا بەرەوپێش ببات.
دواین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.


































































