شەهلا رەشید- سۆران
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، دەڵێت” ساڵانە بەر لە هاتنی وەرزی زستان، بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی خۆ گەرمكردنەوە و خۆپاراستن لە سەرمای زستان، ڕوو لە بڕینەوەی دار و درەختی ناوچە شاخاوییەكان دەكەن و زیان بە ژینگە و سروشتی ناوچەكان دەگەینن، هەروەها ئەم حاڵەتە لە سنووری باڵەكایەتیش زیادی كردووە.
عەقید ئەمیر خۆشەوی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەیی سۆران، لەمبارەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بەهۆی نەبوونی هیچ بەش و بنكەیەكی پۆلیسی دارستانی ژینگەیی سۆران لە سنووری باڵەكایەتی، حاڵەتی داربڕین لەم دەڤەرە زیادی كردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە میلاكاتمان كەمە و پێشتر چەندین جار لە ڕێگەی نووسراوی فەرمی داوامان كردووە بە كردنەوەی بەش و بنكە لەم دەڤەرە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و دارایی میلاكاتیان زیاد نەكردووە”.
گووتیشی” زۆر كەس لە باڵەكایەتی لەسەر داربڕین دەستگیر كراون، بەڵام سزادان و پێبژاردنەكان هەر لەلایەن پۆلیسی سنوورەكە بووە، لەبەر ئەوەی سنووری ئەوانە و بەهۆی هەبوونی دادگایی خۆیان، لێپێچینەوەیان هەر لەوێ دەكرێت و سزایایان بۆ دیاری دەكرێت، كە چەند كەسێك بەهۆی ئەم دیاردە دەستگیر كراون.