شەهلا رەشید- سۆران
بەرپرسی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، دەڵێت” ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی بەشی فریاكەوتنی سۆران دەكەن، بەڵام خۆشبەختانە هەوڵمانداوە كەمترین نەخۆش ڕەوانەی هەولێر بكرێن.
ڕێبوار سەیفەدین، بەرپرسی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” لە مانگی ڕابردوو نزیكەی 8000 هەزار نەخۆشمان بەڕێكردووە، ئەمەش بەهۆی حاڵەتەكانی فریاگوزاریە ئەوانەی بێ فایل یان ئیمێرجنسین، هەروەها نەخۆشەكانیش زیاتر ئەوانەن كە تووشی پەتای وەرزی واتە سەرمایان بووە یان تەسەموومیان كردووە”.
گووتیشی” هەرچەندە زۆربەی زۆری حاڵەتەكان لێرە چارەسەر دەكرێن، بەڵام جاری وا هەیە نەخۆشێك بارودۆخی تەندروستی زۆر تێكدەچێت و پێویستی بە وردبینی زیاترە ئەوا ڕەوانەی هەولێر دەكرێن، بەڵام هەوڵیش دەدەین كەمترین نەخۆش ڕەوانەی دەرەوەی سۆران بكرێن”.
سەبارەت بە ئاماری سووتانیش، ئاشكرای كرد” لە ئێستادا حاڵەتەكانی خۆ سووتاندن بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، ئەوانەی كە سەردانمان دەكەن زیاتر ئەوانەن كە بەهۆی ئاوی كوڵاو یان لەكاتی چێشت لێنان بتڵی غاز گڕدەگرێت یان ئامێرەكانی گەرما دەسووتێن.