زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەی بیست ساڵە زیاترە، ” پەكەكە ” لە ناوچە شاخاوی و گوندە سنووریەكانی ئیدارەی سۆران نیشتەجێ بوونە و لەماوەی ئەو ساڵانەدا بەردەوام شەڕ و ناكۆكی لەگەڵ توركیا هەیە، بەهۆی ململانێ و شەڕ و رووبەڕوو بوونەوەكانیان سەدان هاووڵاتی سڤیل لەو دەڤەرە بوونەتە قوربانی و ژمارەیەكی زۆری گوندیش چۆڵكراون و بوونەتە كێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییان، بەهۆی ململانێی سیاسی دەڤەرەكەیان وەك مەیدانی جەنگ سوودیان لێ بینیووە.
هەر بەهۆی ناكۆكی و ململانێی سیاسی لە نێوان هەردوولادا، توركیا لە ساڵی 2017 لەشكركێشی بۆ سنووری قەزای سیدەكان دەستپێكردووە و بە مەودای زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لەو ناوچەیە داخلی خاكی هەرێمی كوردستان بووە، بەپێی زانیاریەكان توركیا دەیەوێ كۆتای بە چەكدارانی پەكەكە بهێنێت، ئەمەش وای كردووە رێژەیەكی زۆری خاكی كوردستان بەهۆی ئەوشەڕ و پێكدادانە بە نائارامی بمێنێتەوە و ژمارەیەكی زۆری گوندیش چۆڵكراون.
باوكی محەمەد هاووڵاتییەكی سۆرانە و چەندین ساڵە گوندەكەی لە گەلی خواكوڕكی سیدەكان بەهۆی پەكەكە جێهێشتووە، بە زاری كرمانجی گووت:” سیاسەت كردنی وەك چەكدارانی پەكەكە كارێكی هەڵەیە و لەبری سود زەرەریان بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە، بەهۆی ململانێی ئەوان لەگەڵ توركیا و شەڕوپێكدادانەكان گوندەكانمان لە سنووری قەزای سیدەكان جێهێشتووە و ناتوانین ئاوەدانیان بكەینەوە، گوندەكەی ئێمە و سەدان گوندی دیكە بەهۆی پەكەكە چۆڵكران و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی و گوندنشین زیانی گیانی و ماددیان پێگەیشتووە، پێویستە بە سیاسیەتی خۆیان دابچنەوە و چیتر باشووری كوردستان وەك مەیدانی جەنگ نەبینن.
د. مەهدی ستوونی مامۆستای زانكۆ بە زاری كرمانجی گووت:” بەهۆی ئەو سیاسیەتە هەڵەی پەكەكە پەیڕەوی دەكات بەهانە دەدەنە دەست وڵاتی توركیا تا لەشكركێشی بكەن و خاكی كوردستان داگیربكەن، چونكە بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی مافی ئاسایی هەر دەوڵەتێكە بۆ پارێزگاری لە وڵاتەكەیان و نەهێشتنی تیرۆر لەسەر تەناهی گشتی و بەرقەرار بوونی ئەمنی، تا رادەیەك سنووری دراوسێ و وڵاتێكی دیكە ببەزێنن و خۆیان بپارێزن.
بە گووتەی ئەو مامۆستای زانكۆ، دروست بوونی پەكەكە بۆ تێكدانی بار و دۆخی هەرچوار پارچەی كوردستان بووە، چونكە ئامانجی سەرەكی پەكەكە شكست پێهێنانی پڕۆژەی نەتەوەی كوردە لەو پارچانەی كوردی لێ دەژیت، بۆیە ناكرێت پەكەكە بە حزبێكی نەتەوەی دابنێیین، ئەگینا پەكەكە چی دەكات لە شنگاڵ و قەندیل و سنوری ئیدارەی سۆران و قامیشلۆ و ئیران و پارچەكانی دیكە؟.
د . مەهدی ستوونی، روونی دەكاتەوە:” ئەگەر پەكەكە وەك حزب دەیەوێت خزمەتی خەڵك بكات، دەبێ بەپێی بەرژەوەندی مللەتی خۆیان كار بكەن و پێویستیشە ئاشتی بەرقەرار بكەن، گۆڕەپانی سیاسی ئەوانیش توركیایە نەك سیدەكان و شنگاڵ و ناوچەكانی باشووری كوردستان، بەڵام بەداخەوە پەكەكە نەك نەیتوانیوە هیچ گوندێكی باكووری كوردستان ئازاد بكات، بەڵكو بوونەتە ئاستەنگیش لەبەردەم كوردەكانی باكوور، پێویستە ئەو سیاسەتە هەڵی خۆیان بگۆڕن چونكە سەردەم گۆڕاوە و دەبێ لەرێگەی ئاشتی و دیبلۆماسی كار بكەن و واز لەو دژایەتیی و كارە ناڕەوایەكانیان بهێنن.