مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە چوارچێوەی دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانەی ڕوویان لە وڵاتەكە كردووە، بەریتانیا بڕیاری داوە ناوی هەرێمی كوردستان بۆ لیستی(وڵاتە سەلامەتەكان) زیاد بكات، بەمەش بەشێكی زۆری كوردانی باشووری كوردستان كە وەك كۆچبەر لەو وڵاتە دەژن، مەترسی دیپۆرتكردنەوەیان لهسهره .
ئەمڕۆ 12ـی تشرینی دووەمی 2023، بەشێك لە میدیای بەریتانیا بڵاویان كردەوە كە حكومەت لە چوارچێوەی پلانێكی ئامادەكراو بۆ دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی، بڕیاری داوە هەر یەك لە وڵاتی توركیا و میسر، هەروەها هەرێمی كوردستان بۆ لیستی وڵاتە سەلامەتەكان زیاد بكات.
لەكاتی جێبەجێكردنی ئەو پلانە، بەشێكی زۆری كوردانی دانیشتووی باشووری كوردستان كە لە ئێستا وەك كۆچبەر لەو وڵاتە دەژن، ڕاستەوخۆ دیپۆرتی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە.
حكومەتی بەریتانیا، ئەمساڵ ئاماری كۆچبەرانی بڵاو كردەوە كە بە شێوەیەكی نایاسایی لە ڕێگەی دەریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە، زۆرترینیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و میسر و توركیا بوونە، بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان نزیكەی 4 هەزار كۆچبەر لە هەرێم و توركیا و میسر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە شێوەیەكی نایاسایی خۆیان گەیاندووتە بەریتانیا.