زاری كرمانجی-سۆران
بەمەبەستی پاراستن و زیاتر گرنگی پێدانیان، چەند شوێنێكی شوێنەواری سۆران، تەلبەند دەكرێن و دەخرێنە پلانی نۆژەنكردنەوەیان.
حسێن عومەر، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: ” چەندین ناوچەی شوێنەواری گرنگ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پێویستیان زیاتر بە پارێزگاری كردن و كاری كنەو پشكنین و نۆژەنكردنەوە هەیە، لە ئێستاشدا كاری كنەو پشكنینی وەرزی لە ئەشكەوتی شانەدەر و گردە دەشت بەردەوامی هەیە”.
گووتیشی: ” لەپێناو پاراستنی شوێنەوارەكانی سنوورەكەمان، گردی كركە دەشت تەلبەند كراوە، هەروەها لە شانەدەر پاسەوان و كامیڕای چاودێری دانراوە، لە ئیچ قەڵای رواندز بەهەمانشێوە چوار دەوری تەلبەندی بۆ كراوەو لە بەرنامەشدایە كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت، بۆ شوێنەوارەكانی دیكەش بەهەمانشێوە بەپێی گرنگی شوێنەكان قۆناغ بە قۆناغ كاریان لەسەر دەكرێت.