موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران، ڕۆژ بە ڕۆژ كرێی خانوو لە بەرز بوونەوەدایە و خاوەن نوسینگەیەكی بە كرێدانی خانوو هۆكارەكە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو .
ئیبڕاهیم سولێمان گەنجێكی دانیشتووی سنووری ئیدارەی سۆرانە و دەڵێت، ماوەیەكە لە هەوڵی ئەوەدامە خانووێك لە سنووری قەزای سۆران بە كرێ بگرم، هەموو نوسینگەكانی خانووبەرەش گەڕاوم بەڵام خانوو پەیدا نابن، نازانین هۆكار چییە خانووی كرێ ئەوەندە كەمبۆتەوە، پێویستە ڕێگە چارەیەك بدۆزرێتەوە .
عەلی دێڵزی خاوەن نوسینگەی خانووبەرە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری نوسینگەكەمان لە ئێستادا هیچ خانووێك بۆ كرێ بەردەست نییە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، بە دیاری كراوی ڕێگری حكوومەت لە دروست كردنی خانوو بە تایبەت لە نەخشەكانی دێلزیان، هەروەها خراپی باری دارایی خەڵك بۆ كڕینی زەوی و دروست كردنی خانوو.
ئەو خاوەن نوسینگەیە، روونی دەكاتەوە، بەهۆی نەبوون و كەمی خانوو، كرێی خانوو لە سۆران بەرز بۆتەوە، پێویستە بۆ چارەسەر كردنی گرفتی كەمی خانووی كرێ، كەرتی تایبەت یا حكوومەت یەكەی نیشتەجێ بوون بە شێوەیەك لە شێوەكان دروست بكات و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان و كرێنشینەكان.
گووتیشی:” لە سنووری سۆران خانووی كرێ بۆ ماڵان لە نێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار دینار بە كرێ دراوە و خواستی زۆریشی لەسەرە .