کارەکان یاریگای بانەزێوک بۆ وەستاون؟
کەی دەستبەکارکردن دەکرێتەوە ؟
یاریگاکە چ جۆرە فریزیکی دەبێت؟
محەممەد مەحموود- رواندز:
لە سەرەتاوە کارەکانی دروستکردنی یاریگای بانەزێوک بە تەواوی ئەنجام نەدران دوای تەرخانکردنی چەندین ملیار دینار، لە بنەڕەتدا ئەو یاریگایە نێودەوڵەتی بوو، بەڵام کارەکانی تەواو نەکران، لە ساڵی رابردووەوە بودجەیەکی تایبەت بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو یاریگایە تەرخانکراوە، لەمەشیان وەک پێوست کارەکان تەواو نەکراون، یانەی وەرزشی رواندزیش دەڵێت” ئەوەی کراویشە خەریک تێکدەچێتەوە”.
شوان موسا، بەرپرسی بەشی پڕۆژەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” لەسەر تەواو نەکردنی کارەکانی یاریگای بانەزێوکی رواندز ئەمە هۆکارەکەی بەڵێندەر نییە، ئێمە گرێبەستێکمان لەگەڵ بەڵێندەر هەیە کە کارەکان تەواو بکات ئەوە بوو گەیشتینە قۆناغی چاندنی فریز، لەمەش فریزی سروشتی دیارکرابوو، بۆئەمەش گرفتمان کەمی ئاو بوو لەگەڵ دروستکردنی خەزانێکی ئاو، دەمانتوانی خەزانێک دروست بکەین، بەڵام ئاوی رواندز کەمە و نەدەکرا ئەو ئاوە زۆر دابین بکرێت بۆ ئاودانی فریزی سروشتی” .
شوان موسا، ئەوەشی خستەروو کاتێک یاریگا فریزی سروشتی هەیە ، دەبێت یاریگایەکی تری لە تەنیشت دروست بکرێت ، بۆ مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی هەندێ یاری، تەنها لە یاریە گرنگەکان دەکرێت ئەو یاریگایە بەکار بهێندرێت، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزارو بۆ ئەو یاریگایە ، ئەمانە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی کارەکانی ئەو یاریگایەن، لەگەڵ ئەوەی نەمان دەویست بیکەینە چیمەنی دەستکرد، چەندە چاوەڕێمان کرد نەگەیشتینە ئەنجامێکی باش، سەرپەرشتیاری ئیدارەش چەندین جار کۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر کردووە، بەڵێندەریش گوتی ” یان لێم وەرگرنەوە یان با فریزەکە بچێنم “.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە ئیدارەی سۆران لە رێگەی زاری کرمانجییەوە باسی لەوەشکرد” بەڵێندەر چەند نموونەیەکی جۆری فریزی دەستکردی ناردوون بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت لە سەر فریزەکە، گوژمەکەشی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دینارە،دواین جار بڕیار لەسەر فریزی دەستکرد دراوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش رایسپاردین بۆ ئەوەی کارەکان ئەنجام بدرێن، لەم چەند رۆژە فریزەکە ئامادەدەکرێت و دواتر یاریگاکە وەردەگیرێت”.
دەربارەی کەم و کورییەکانی یاریگای بانەزێوک ، شوان موسا، گوتی” گەر بێت و کەمتەرخەمی لەکاری بەڵێندەر هەبێت ئەوا چاک دەکرێت و لەسەر بەڵێندەرە کارەکان چاک بکاتەوە، یان لەکاتێکی کەم کارەکان تێک چووبن ئەوا کاری بەڵێندەرە ئەو کارانە چارەسەر بکات، گرفتێکیش هەیە لەخۆمان ناتوانین شتەکان بپارێزین، دەنا بەڵێندەر خۆ ناتوانێ پاسەوانی لەکارەکان بکات.