زاری كرمانجی-سۆران
نزیكەی 20 رۆژە پێنج ئەندامی خێزانێكی دانیشتووی ناحیەی دیانا لە سنووری قەزای سۆران، تووشی ژەهراوی بوون، گومان دەكرێت بەهۆی خواردنی پەنیرەوە بێت، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پزیشكی لە فریاكەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رزگاری لە شاری هەولێر، پزیشكێك زانیاری لەبارەی رەوشی تەندروستیان دەخاتەڕوو.
د. ئازاد ئەنوەر، پسپۆری نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار بە كوردستان 24ی راگەیاند: ” ئەم پێنج ئەندامەی ئەو خێزانەی لە سۆران ژەهراووی ببوون. دوای گرتنەبەری رێوشوێنی تەندروستی لەنەخۆشخانەی ئاشتی خۆشبەختانە كاتێك بۆ هەولێر رەوانەكران پزیشكان لە نەخۆشخانەی ئاشتی جۆری نەخۆشییەكەو ژهراوی بوونیان بۆ ئێمە دیاری كردبوو، كاتێك گەیشتنە نەخۆشخانەی فریاكەتنی ڕزگاری بینیمان نەخۆشەكان باردوخیان زۆر ناجێگیر بوو، تا دەهات باردوخیان خراپتر دەبوو، بەشەكانی ناوی سینگیان گرتبووەو تەنگەنەفەس بببون، بە خێرای گەیاندنمانە ژووری بوژانەوە بۆ دانانی هەناسەدانی دەستكرد”.
ئەم پزیشكە دەشڵێت: ” ئەو كەسانەی كە ژەهراوی ببوون، ژمارەیان پێنج ئەندامی خێزانێك بوون، لە نێوانیاندا چوار لە ئەندامانی ئەو خێزانە زۆر تەنگە نەفەس بوون، تەنها یەكێك باری تەندروستی جێگیرتر بوو، بە قسەی خۆی تەنها ژەمێك پەنیری خواردبوو، ئەوانی دیكە چەند ژمێكیان خوارد بوو، دەرمانی چارەسەری بۆ نەخۆشییەكە نەك لە كوردستان بەڵكوو لە عێراقیش نەبوو، جێگەی دەستخۆشییە وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەركی خۆی دەرمانەكەی بەخێرایی لە دەروەی وڵات بۆی كڕین، كە تەنها یەك دەرزی نرخەكەی لەسەرووی دەفتەرێك دۆلارەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بای پێنج نەخۆشی دیكە دەرمانی هەمان چارەسەری یەدەگیان بۆ ناردین”.
د. ئازاد ئەنوەر، ئاشكراشی دەكات: ” یەكێك لەم نەخۆشانە باردۆخی زۆر باشەو گواستراوەتەوە نهۆمی پێنجەمی نەخۆشخانەی رزگاری، ئەوانی دیكەش دوای پێدانی چارەسەری باردۆخی تەندروستیان وردە وردە روو لەباشبوونە.