توانا فەریق
پێش ئەوەی مەغۆلەکان بێن بۆ نێو جیهانی ئیسلامی، گرنگه ئاگادرای واقیعی جیهانی ئیسلامی ئەو كات بین، دەتوانین نەخشەی سەرەتای سەدەی حەوتی کۆچی بەم شێوەیە بنەخشێنین(خیلافەی عەبباسی لە بەغدا، میسڕ و شام و حجاز و یەمەن، مەغریب و ئەندەلوس، خوارزم و فارس هند، ئەنادۆڵ و مەملەکەتی کۆرج و ئەرمینیا و ئازەربایجان و هەندێ لە قەوارە صەلیبیەکان لە ناوچەکە).
ئەگەر بە کورتیش بێ پێناسەیەکی ڕەم قەوارانە بکەین کە ئەوکات بوونیان هەبووە.
یەکەم/خیلافەتی عەبباسی:-
خیلافەتی عەبباسی بەسەر چوار قۆناغی سەرەکی دابەشبووە،
قۆناغی یەکەم(١٣٢_٢٣٢ک):- ئەم قۆناغە بە قۆناغی بەهێزی ناودەبرێ و وە بە قۆناغی داهێنان و پێشکەوتن دادەنرێ لەم قۆناغەدا گرینگترین دەزگا دامەزرا کە ئەویش بەناوی (بیت الحکمە) بوو، واتە ماڵی دانایی ئەم دەزگایە بوو بە باڵاترین دەزگای دەوڵەت.
قۆناغی دووەم(٢٣٢_٣٣٤ک):- ئەو ئەم قۆناغە بە سەردەمی بێهێزی و هاتنە ناوەوەی ڕەگەزێکی نوێ بوو کە ئەویش تورکەکان بوون.
قۆناغی سێیەم(٣٣٤_٤٤٧ک):- ئەم قۆناغە سەردەمی بوەیهیەکان بوو کە بە ڕەچەڵەک فارس بوون و مەزهەبیان شیعە بوو وە سیستەمی لەمەڕکەزیان پەیڕەو دەکرد.
قۆناغی چوارەم(٤٤٨_٦٥٦ک) ئەم قۆناغە بە سەردەمی سەلجوقیەکان ناسراوە کە ڕەچەڵەک تورک بوون و مەزنەبیان سوننە بوو و سیستەمی مەڕکەزیان پەیڕەو دەکرد. لەم سەردەمەدا مەغۆلەکان دێن بەرەو جیهانی ئیسلامی دەتوانن بەغدا داگیربکەن بە هۆکاری سەرەکیش لاوازی خەلیفە و سوڵتانەکانی سەلجوقی بوو.
دووەم: میسڕ و شام و حجاز و یەمەن/
صەلاحەدینی ئەیوبی ڕەحمەتی خودای لێبێت لە ساڵی (٥٨٩ک) وەفات دەکات، لە دوای خۆی (١٦) کوڕ و کچێک جێدێڵێ، ئەو شوێنانەی لە سەرەتای سەدەی حەوتی کۆچی لە ژێر دەستی براو نەوەکانی صلاحدین بوو، بەڵام بەداخەوە لە زۆر بابەتان لە ڕێبازی صلاحدین لایاندابوو و نەیانتوانی ئەم شوێنانە بەیەک پارچەیی بپارێزن. حوکمی شام جودا بوو لە حوکمی (حجاز و یەمەن و میسڕ) لە شامیش زۆرجار (حمص و حەلەب) لە ژێر دوو دەسەڵاتی جیاواز بوون هەر لەو کاتانەش بوو چەند شوێنێک کە کاتی خۆی صلاحدین لە چنگی صەلیبیەکان دەری هێنابوو دیسانەوە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی صەلیبیەکان.
سێیەم: خاچپەرستەکان،صەلیبیەکان/
بنکەی سەرەکی خاچپەرستەکان لە خۆرئاوای ئەوڕوپا بوو، بەردەوام خەریکی هێرشکردن بوون بۆ سەر جیهانی ئیسلامی نەسڕانییەکانی (ئینگلتەڕا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) هێرشی یەک لەدوای یەکیان دەکردە سەر سام و میسڕ، جگە لەوە نەسڕانییەکانی (ئیسپانیا، پرتوگال) جارجار فەڕەنساش ئامانجی سەرەکی ئەندەلوس بوو. ئینجا چەند میرنشینێکی خاچپەرستەکان لە ناوچە ئیسلامیەکاندا دەمەزرا بوون وەک(انگاکیە، عکا، گرابلس، بیروت، صیدا)سەڕەڕای ئەوەی کە صلاحدینی ئەیوبی توانی قودس ڕزگار بکا لە جەنگی خاچپەرستەکان، بەڵام ئەم میرنشینانە بە تەواوی لەناو نەچووبوون لە دوای مردنی صلاحدین دەستیان کردەوە بە چالاکیەکانیان و زیانێکی یەکجار زۆریان بە جیهانی ئیسلامی گەیاند، مەملەکەتی ئەرمینیاش کە دەکەوێتە باکووری فارس و خۆرئاوای ئەنادۆڵ، ئەوانیش لە جەنگی بەردەوامی موسڵمانان دابوون بە تایبەتی سەلجوقیەکانیان زۆر سەرقاڵکردبوو، هەروەها مەملەکەتی کۆرج کە دەکاتە جۆرجیای ئێستا ئەوانیش لە هێرشی بەردەوامی سەر جیهانی ئیسلامی دابوون.
چوارەم:مەغریب، ئەندەلوس/
مەغریب و ئەندەلوس لەژێر دەسەڵاتی (موەحیدەکان)بوو، هەر لە سەرەتای سەدەی حەوتی کۆچی ئەو شوێنانە واتە خۆرئاوای ئیسلامی و خۆرهەڵاتی ئیسلامی ڕووبەڕووی چەند کێشەیەکی یەکجار گەورەبوون دووبەرەکی یەخەی گرتبوون تا ساڵی (٦٠٩ک) شکستێکی زۆر گەورە بەر موەحیدەکان کەوت و لە جەنگی (حصن العقاب) کە بە سەرەتای لەدەستدانی ئەندەلوس هەژمار دەکرێ.
پێنجەم:دەوڵەتی خەواریزم/
خەواریزم کە ئێستا بەناوی (xiva، خایەفە)شارێکە سەر بە ئۆزباکستانە و لە سنوری ترکمانستان نزیکە، لە سەرەتای سەدەی حەوتی کۆچی خۆرهەڵاتی وڵاتە ئیسلامیەکان لە ژێر دەسەڵاتی (خوارزم شاە) بوو، هەر لە سنوری چینەوە تاوەکو باشوری ئێران و تاوەکو سنوری هیند. هەموو ئەم ناوچانە نا ڕارامییەکی تەواوی بەخۆیەوە بینی بوو لەو سیاسەتە ناحەکیمانەکی خەواریزم شاە، خەواریزمیەکان کۆتاییان بە دەوڵەتی سەلجوقیەکان هێنا و خۆیان وەک و تاکە هێزی دەسەڵاتدار لە ناوچانە حوکمیان کرد تا هاتنی مەغۆلەکان، خاوەن پەیوەندیەکی نائارامیش بوون لەگەڵ خیلافەتی عەبباسی لە بەغدا.
شەشەم:هیند/
هیند لە ژێر دەسەڵاتی (غۆرییەکان) بوون دواتر (خوارزم شاە) کۆتایی بە دەوڵەتەکەی ئەوانیش هێنا و ئەوێسی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
حەوتەم:فارس/
ناوچەی فارس بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی خوارزم شاە بوو تەنھا بەشێکی نەبێ کە لە ژێر دەسەڵاتی (ئیسماعیلیەکان) بوو.
هەشتەم:ئەنادۆڵ و تورکیای ئێستا/
ئەنادۆڵ کە دەکاتە تورکیای ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقیە ڕۆمەکان و دەوڵەتی ئەییوبی بوو ململانێیەکی زۆریش لە نێوان سەلجوقیەکان و ئەییوبیەکان دا هەبوو، تا هاتنی مەغۆلەکان کە ناوچەکە لە دەست هەردوو هێز دەردێنێ، دواتر لەم شوێنە دەوڵەتی عوسمانی دروستدەبێ.
ئەمە بە کورتی واقیعی سیاسی جیهانی ئیسلامی بوو کە ئاماژەمان پێکرد تاوەکو لە زیهنی خوێنەر وێنایەکی جیهانی سیاسی ئیسلامی سەرەتای سەدەی حەوتی کۆچی دروست ببێ و بزانێ کە مەغۆلەکان دێن ڕووبەڕوو بوونەوەی چ واقیعێکی لاوازی پڕ لە کێشە و دووبەرەکی نێوخۆیی موسڵمانان بوونەتەوە.