زاری کرمانجی – هەولێر :
ئەمڕۆ شەممە 11-ی تشرینی دووەمی 2023، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان شەشەمین کۆنگرەی خۆی لە ژێر دروشمی (یەکڕێزی و یەکدەنگی و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان) بە بەشداری زیاتر لە دوو سەد ئەندام، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کارەکانی دەستپێکرد.
دەستپێکی کۆنگرە بە وتاری غەفووری مەخمووری سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەستپێکرد.
مەخمووری لە وتارەکەی دا باسی لەو گۆرانکاریانە کرد کە ناوچەکە پێدا تێپەڕ دەبێت و بە پێویستی زانی کورد بە چاوێکی کراوە و هۆشیارانەتر هەڵسوکەت لەگەڵ بارودۆخەکە بکات.
هەروەها لە بەشێکی تری وتارەکەی دا باسی لە گرنگی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد و داواکار بوو کە هەرچی زووە ئەو کۆنگرەیە ببەستێت.
سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی، لە درێژەی وتارەکەی دا باسی لە یەکریزیی و تەبایی کوردان کرد لە هەر چوار بەشی کوردستان .
لە کۆنگرەی شەشەمی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرە لەلایەن کەسایەتی و حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان خوێندرانەوە، کە لە نێویاندا پەیامی بەڕێزان، مەسعود بارزانی ڕێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان و مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان هەبوو .
کۆنگرەی شەشەمی YNDK تەنیا رۆژێک دەخایەنێت و درەنگانی ئێوارە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت .