زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بڕیارێكیدا درێژەی بە داشكاندنی كرێی خوێندنی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگەكان دا و لە هەمانكاتدا بۆ هاوكاریی قوتابییان، پێدانی یەكەم قیستی پێشوەختەی وەكو مەرجی دەستپێكردنی خوێندن لابرد.
عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “بە ڕەچاوكردنی بار و گوزەرانی خانەوادەی قوتابییان لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەكو ساڵانی ڕابردوو، بڕیاری داشكاندنی كرێی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان داوە، لە ساڵی خوێندنی 2023-2024، بۆ زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان داشكاندن لە 10% تا20% بۆ سەرجەم قۆناغەكان دەكرێت كە زیاتر لە 31 هەزار خوێندكار تێیدا سوودمەند دەبن. هەروەها داشكاندنی 45%ی كرێی خوێندن بۆ زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان بۆ خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی گوت:بۆ ئاسانكاریی زیاتری قوتابییان، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی دەركردووە، لە وەرگرتنی قیستی كرێی خوێندن ئاسانكاری بكرێت، بەوەش قیستی یەكەمی خوێندن وەكو مەرج، لە كاتی مامەڵەكانیان بۆ دەستكردن بە خوێندن دوابخرێت و بتوانن لە كاتێكی دیكەدا قیستەكەیان بدەن.
لە ساڵانی ڕابردوو حكوومەتی هەرێم لە پێناو ئاسانكاریی خوێندن و بەردەوامبوونی زۆرترین قوتابی لە پرۆسەی خوێندندا، بەردەوام داشكاندنی لە خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكاندا كردووە، هەر لەو میانەدا لە مانگی ڕابردوودا لێخۆشبوونی 100%ی كرێی خوێندنی بۆ قوتابییە یەكەمە دانەمەزراوەكانی هەرێم دەركرد، كە دەست بە خوێندنی ماستەر دەكەن.