شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” هەندێكجار هیچ هۆكارێكی دیاریكراو نییە بۆ دروستبوونی رەشبوونی ژێر چاو و ئەم كێشەیە بۆ هۆكاری بۆماوەیی دەگەڕێتەوە و ئەمەش هەر لە سەرەتاوە دەبیندرێت، هەروەها ئەم پزیشكە ئاماژە بەوەش دەكات كە چ جۆری چارەسەریەك هەیە بۆ لابردنی رەشبوونی ژێر چاو.
د. رزگار عزەت خان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ڕەشبوونی ژێر چاو چەند هۆكارێك لەخۆ دەگرێت لەوانە كەمبوونی چەوری لە پێستدا بەتایبەت ژێر چاو كە خۆی كەمێك وشكە، بۆیە چەوری چەند لەنێو پێست كەمتر بێت رەشبوونی ژێر چاو زیاتر بەدیار دەكەوێت، یاخود كەسێك زۆر میكیاج یان كرێمێك بەكار بهێنێت كە دەبێتە هۆكاری هەستیاری پێست، هەندێك كەسیش هەر لە منداڵییەوە تووشی ئەكزیما دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی دیكەی رەشبوونی ژێر چاو، جگە لەوانەی كە باسمان كردن بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی تایبەت بە چاویش هۆكارن بۆ ئەم رەشبوونە وەك بەكارهێنانی قەترە بۆ چارەسەری پەستانی چاو، ئەمەش وا دەكات ژێر چاو زیاتر ڕەش ببێت، هەروەها لە زۆربەی خێزانەكانیشدا هۆكارێكی بۆماوەییە و ماددەی میلانینیان زۆرە، بۆیە ژێر چاوەكانیان ڕەش دەبن.
ئەم پزیشكە سەبارەت بە چارەسەرییەكانیش، ئاشكرای كرد” تەنها چارەسەری بۆ نەمانی ئەم رەشبوونەی ژێر چاو، پڕ كردنەوەیە بە چەوری بن پێست، ئەویش لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی شارەزا و جوانكاری، جگە لەمە هیچ چارەسەریەك بەناوی ئامێری لەیزەر، كرێم و ماسك نییە، چونكە ماددە لە ژێر پێستدایە وەكو پەڵەی سەر پێست نییە بە ئاسانی لەناو ببردرێت، هەروەها لە هەمووشی گرنگتر بەكارهێنانی ئەو ماسكە سروشتییانەن كە خەڵك بڕوایان پێدەكەن، بەڵام ماسك بە هەموو جۆرەكانییەوە هیچ سوودێكی نییە، بە پێچەوانەوە بەكارهێنانی دەبێتە هۆی زیاتر وشكبوونی پێست و هەڵكشانی چەوری و ماددە بەسوودەكانی پێست.