مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێك هۆشداری بە شۆفێران دەدات، ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێك دووكەڵ بكات دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی پاك ڕاگرتنی ژینگەی شار و دابینكردنی مەرجەكانی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەكاندا، لە ڕاگەیاندراوێكدا شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە و دەڵێ “بەمەبەستی پاك ڕاگرتنی ژینگەی شار و دابینكردنی مەرجەكانی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەكان بەگشتی و بارهەڵگرەكان بەتایبەتی، سەرجەم شۆفێران و خاوەنی ئۆتۆمبێلەكان ئاگادار دەكەینەوە، كەوا نابێت ئۆتۆمبێلەكانیان دووكەڵ بكەن و گازی ژەهراوی دەربكەن،”
هەر وەكوو لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر پێویستە ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەكانیان دووكەڵ دەكات لەمڕووە تا یانزە ڕۆژی تر ئۆتۆمبێلەكانیان چاك بكەنەوە، بە پێچەوانەوە دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە هەر ئۆتۆمبێلێك لەسەر ڕێگاوبانەكان ببینرێت دووكەڵ بكات و گازی ژەهراوی دەربكات، ڕاستەوخۆ لەلایەن مەفرەزەكانی هاتووچۆ و ئەفسەر و كارمەندانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.