مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2023، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە قاهیرە لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس باڵیۆزی نوێی لە میسر ڕاگەیاند.
هێرۆ مستەفا كچە كورد لە كۆتایی مانگی ئاداری ساڵی 2023، لە لایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، وەك باڵیۆزی ئەمەریكا لە میسر دەستنیشان كرا.
هێرۆ مستەفا تەمەن 50 ساڵ، لەدایكبووی شاری هەولێرە و خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانكۆی جۆرج تاون، هەروەها بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی پرینستۆن بەدەست هێناوە، ئەو بە هەشت زمان دەتوانێت قسە بكات (ئینگلیزی، عەرەبی، یۆنانی، فارسی، هیندی، بولگاری و پۆرتوگالی، كوردی)، هێرۆ لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە ساڵی 1976 لەگەڵ خێزانەكەی كۆچیان كردووە بۆ ئەمەریكا و ماوەی دوو ساڵ لە كەمپی پەنابەران ماوەتەوە، هاوسەرگیریی لەگەڵ كەسێكی ئەمەریكی بە ڕەچەڵەك هیندی كردەوە و دایكی دوو كچە.
هێرۆ پێشتر دیپلۆماتكاری باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە بولگاریا، هەروەها جێگری سەرۆكی نوێنەرایەتی ئەمریكا بووە لەباڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لیشبۆنەی پورتوگال، جگە لەوەش ڕاوێژكاری سیاسی وەزیر بووە لەباڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان. لەمڕۆشەوە ئەركەكانی خۆی وەك باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە میسر جێبەجێ دەكات.

































































