مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژی شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023، شەشەمین كۆنگرەی خۆی لە ژێر دروشمی (یەكڕیزی و یەكدەنگی و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان) لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات.
د . شاخەوان خالید بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی ڕێكخستنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان لە بارەی كار و بەرنامەی كۆنگرەی حزبەكەیان، زانیاری زیاتر بە زاری كرمانجی دەدات و دەڵێ “یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان هەفتەی داهاتوو شەشەم كۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر بە بەشداری زیاتر لە دوو سەت ئەندام دەبەستێت،”
بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی ڕێكخستنی یەكێتی نەتەوەیی، هۆكاری ئەنجامدانی كۆنگرەكەیان لەم كات و ساتەدا بۆ زاری كرمانجی ڕوون دەكاتەوە و دەڵێ “”بۆیە كۆنگرەمان لەو كاتە بەست، چونكە گۆڕانكاری گەورە ڕووی لە ناوچەكە و جیهان كردووە، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكوو یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە ببین و بتوانین هەموو ئەو پرسانە تاوتوێ بكەین و خۆمانی بۆ ئامادە بكەین كە لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێت ڕوو بدەن، بۆیە لەو كاتەدا ئێمە بڕیاری بەستنی ئەو كۆنگرەمان دا،”
زیاتر دەڵێ “كۆنگرە بە گیانێكی نەتەوەیانە بە هەست و فەلسەفەیەكی چوارچێوەی بیری نەتەوەی سەربەخۆییخوازی درێژە بەكارەكانمان دەدەین، لە هەمان كاتدا هەوڵی ئەوە دەدەین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ دەربكەین، بۆ ئەوەی كار و خەباتی داهاتوومان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین و بتوانین گیانی نوێ و خوێنی نوێ بهێنینە ناو سەركردایەتی و هانیان دەدەین خۆیان كاندید بكەن و خۆیان هەڵبژێرن، تاكوو نوێبوونەوەیەك هەبێت لەناو سەركردایەتی، بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكی بەهێزتر لە جاران، بەرنامەیەكی چاكتر و پڕاو پڕتر لە هەستی نەتەوەی و فەلسەفەی بیری نەتەوەی، كارەكان بەرەو پێشەوە ببەن، چونكە كاری بە كۆمەڵ كاری ئێمەیە و بە تەنیا كار ناكەین، وە هەموو ئەو برادەرانەی دەردەچن و ئەوانەی كە هەن هەر هەموومان كار بۆ ئامانجەكان دەكەین”
هەر وەكوو شاخەوان خالید هێمای بۆ دەكات پرسی سەربەخۆیی كوردستان و كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دوو لە گرنگترین خاڵەكانی كۆنگرەیان دەبێت و دەڵێ “پرسی سەربەخۆیی كوردستان پانتایەكی فراوانی بۆ دانراوە لە كارەكانی كۆنگرە و زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت، چونكە كورد وەكوو هەموو نەتەوەكانی دیكە، پێویستە كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، تەنیا ئێمەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا نەتەوەیەكی زۆر و زەبەلاح و گەورەین، بەڵام خاوەنی دەوڵەتی خۆمان نین، بۆیە YNDK دوای كۆتایی هاتنی كۆنگرە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەكان كۆ دەبێتەوە و هەنگاوی زیاتر سەبارەت بەم مەسەلەیە دەنێت،”
دەشڵێت “لەبەر ئەوەی ساڵانی ڕابردوو هەوڵی ئەنجامدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە هۆكاری ناوخۆ و ئەقلیمی شكستی هێنا، بۆیە پرسی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی كورد، خاڵێكی تری نێو كۆنگرەكەمان دەبێت و هەوڵ دەدەین جارێكی تر ئەو پرسە لە كۆنگرە باس بكهينهوه و دوای كۆنگرە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تاوتوێ بكەین، بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتوومان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بێت، چونكە لەم قۆناخەی ئێستادا بۆ كورد پێویستە بەرنامەیەكی گشتگیری هەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە هەیە، تا بتوانین مافەكانی خۆمان زیاتر بە دەست بهێنین.”
هاوكات، پاڵە گەردی بەرپرسی هەرێمی سۆرانی یەكێتی نەتەوەیی لەبارەی گرنگی كۆنگرەی حیزبەكەیانەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “كۆنگرە پێویستییەكی هەمیشەییە بۆ هەر حزب و پارتێكی سیاسی، چونكە وزە و نوێ بوونەوە بە حزب دەبەخشێت هەر وەك چۆن بەهار جوانترە لە هەموو وەرزەكان، ساڵ دەخەمڵێنێت و هیوادارم كە شەشەمین كۆنگرەی یەكێتیمان ببێتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانكاری بۆ بەرەو پێشووە چوونی YNDK و پەروەردەكردنی نەوەیەكی نەتەوەیی و سەربەخۆییخواز. لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان.”
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان لە نەورۆزی 1995 دامەزراوە و هەڵگری ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیە و ئامانجی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو و دیموكراتە، یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە 17-19 / 3/ 1995 لە عەنكاوە – هەولێر بەستووە.