كەسایەتیەکی کوردی کاکەیی پێی وایە، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گرینگە، دەشڵێ: بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کوردانی کاکەیی پشتگیری لیستی 197ی پارتی دەکەن.
حەبیب کاکەیی، کەسایەتی دیاری کوردی کاکەیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ژمارەیەکی زۆری دەنگدەری کوردی کاکەیی لە سنووری پارێزگای نەینەوا ھەن، بەتایبەتی سنووری کاکەیی لە گوێڕ و خازر بەشداری ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکەن. بێگومان زۆربەی دەنگدەرانی کاکەیی لەو سنوورە دەنگ بە لیستی 197ی پارتی دەدەن و پشتگیری لیستی پارتی دەکەن، بە تایبەتی ئەمجارە کوردانی کاکەیی کاندیدی خۆیان ھەیە لە نێو لیستی پارتیدا.
ئەو کەسایەتییەی کوردی کاکەیی گوتی: ھەبوونی نوێنەرێکی کاکەیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ئێمەی کوردی کاکەیی زۆر گرینگە و دەتوانێت نوێنەرایەتی پێکھاتەیەکی ڕەسەنی ناوچەکە بکات، لەبەر ئەوەیش ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی کاندیدی کاکەیی دەدەن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
حەبیب کاکەیی ڕوونی کردەوە: کوردانی کاکەیی وەک بەشێکی نەتەوەی کورد لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان پێگەیان دیاربووە بۆ سەرخستنی لیست و کاندیدانی پارتی، ئێمە دڵنیاین بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو کوردانی کاکەیی ئەو خزمەت و گرینگی پێدانەی پارتی و سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی کاکەیی لەبەر چاو دەگرن و دەنگیان ھەر بۆ پارتی دەبێت.































































