مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
زیاتر لە دوو سهت هەزار كوردی جوو لە ئیسرائیل دەژن، بەشی زۆری ئەو كوردانە سەردەمانێك لە باشووری كوردستان ژیاون و دواتر گەڕاونەتەوە ئیسرائیل، ئەوان لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەمان بیروبۆچوونی حكومەتی ئیسرائیلیان هەیە و پێیان وایە هۆكاری فراوانبوونی ئەم جەنگە، بزووتنەوەی حەماس لێى بەرپرسیارە.
یاهودا بن یوسف سەرۆكی پێكهاتەی كوردی جووەكان لە ئیسرائیل بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا قسەی كرد و دەڵێت، “حەماس ڕێكخراوێكی جیهادییە و ئامانجیشی كوشتنی جووەكان و لەناوبردنی ئیسرائیلە، بۆیە شەڕی لەناوبردنی ئەم گروپە ڕەوایە بۆ ئەوەی جارێكی تر نەتوانێت هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەمان.”
بەشێك لە گەنجانی كورد سەربازی سوپای ئیسرائیلن و زۆربەیان ئێستا لەبەرەكانی شەڕن دژ بە حەماس،
هەر وەكوو سەرۆكی پێكهاتەی كوردی جووەكان لە ئیسرائیل باسی دەكات نزیكەی 200 هەزار كوردی جوو لە ئیسرائیل دەژین دەڵێ “كوردەكان لە چەند وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون و زۆربەشیان لە كوردستانی عێراقەوە هاتوون. لە سەردەم و قۆناخی جیاواز و لە ناوچە جیاجیاكانی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون.”
كردەوەكانی بزووتنەوەی حەماس لە كاتی هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوایی ئیسرائیل بەلای بن یوسف هاوشێوەی كردەوەكانی داعش بووە لە سووریا و عێراق و دەڵێت “وەك چۆن جیهان هیچ بژاردەیەكی نەبوو جگە لە لەناوبردنی داعش، ئیسرائیلیش هیچ بژاردەیەكی دیكەی نییە جگە لە لەناوبردنی حەماس”.
سەرۆكی كۆمەڵگەی جووەكانی كورد لە ئیسرائیل، بوونی دوو دەوڵەتی هاوبەش بە چارەسەری ناكۆكی و كۆتای هاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دەزانێت و دەشڵێت بەڵام لە پێكەوەنانی ئەو دوو دەوڵەتە نابێت بە هیچ شێوەیەك حەماس پشكداری تێدا بكات.