مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە چوارچێوەی گەشتەكەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەمكردنەوەی گرژییەكان بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا 5ی تشرینی دووەمی 2023، بە سەردانێكی ڕانەگەیەنرا و گەیشتە بەغدا، ئەوەی بووە جێگەی تێڕامان و قسە لە سەركردنی میدیا جیهانییەكان، پۆشینی گوللەبەند بوو لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و شاندی یاوەری لە سەردانەكەیان بۆ عێراق.
كاردانەوەكان لەسەر وێنەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە گوللەبەندەوە لە عێراق، ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و دوێنێ ڕاوێژكارێكی پێشووی سەربازی ئەمریكا ئەم دیمەنەی بە شەرمەزاری بۆ ئەمەریكا و ئیدارەی بایدن ناو برد.
دۆگلاس ماكگریگۆر، ڕاوێژكاری پێشووی پێنتاگۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس (تویتەر) ی كۆن نووسیویەتی “ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق گوللەبەندی لەبەردا بوو، ئەوە جێگەی شەرمەزارییە كە لە هەر بارودۆخێكدا وەزیری دەرەوەمان لە هەر شوێنێكی جیهان لە ژێر ئەم جۆرە هەڕەشەیە بێت،”
ڕاوێژكارێكی پێشووی سەربازی ئەمریكا ڕەخنەی لە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا و ئیدارەكەی گرت و داوا دەكات بە زوویی پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەمەریكا بكرێت.