بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی باڵا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پیرمام كۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتووە ئەمڕۆ شاندێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی پیرمام دەكەن و لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ دەبنەوە.
سەرچاوەكەی زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەر یەكە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی بەشداری دەكەن.
دوێنی سەعدی ئەحمەد پیرە، گووتەبێژی یەكێتی رایگەیاند ” لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چەند پرسێكی تری گرنگ دەكەن”.
سەعدی پیرە زیاتر گووتی “ئەو بابەتانەی پێوەندییان بە كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتییەوە هەیە، هەروەها پرسی هەڵبژاردن و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران و كێشە و پێوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت”.