مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڕینی بەشە خۆراكی مانگانەی یەك ملیۆن و 250 هەزار كەسی لە پێنج پارێزگای عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
موسەننا جەبار، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق پشتڕاستی كردەوە كە وەزارەتەكەیان كار لەسەر نوێكردنەوەی زانیارییەكانی نێو كۆبوونی خۆراكی ئەلیكترۆنی دەكات و ڕێژەی نوێكردنەوەكە لە كەربەلا و نەجەف و موسەننا و كەركووك و دهۆك گەیشتووەتە 98%.
دەشڵێت 2%ی كە ماوە لەوانەیە نەهاتبێتن بەدەم نوێكردنەوەی مامەڵەكانیان، یاخود بەشە خۆراكی مانگانە وەرناگرن یان كۆچییان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكراشی كرد تەنیا لە كەرخ هەشتا هەزار كەس لەوانەی لە ژیاندا نەماون و لەگەڵ ئەوانەش كە كۆچیان بۆ دەرەوەی عێراق كردووە ناویان سڕاوەتەوە.
هەر وەكوو موسەننا جەبار ئاماژەی بۆ دەكات لەو پێنج پارێزگای ناویان لە سەرەوە هاتووە زیاتر لە یەك ملیۆن و 250 هەزار كەس لە بەرنامەی بەشە خۆراكی مانگانە ناویان سڕاوەتەوە و پێشتریش بەرپرسێكی تری وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندبوو دوای سڕینەوەی ناوی ئەو كەسانەی كە مردوون و ئەوانەی كۆچیان بۆ دەرەوە كردووە لەگەڵ ئەوانەی مووچەكەیان لە سەرووی دوو ملیۆن دیناری عێراقی یە، پارەكەی تەرخان دەكرێت بۆ زیادكردنی چەند ماددەیەكی تر لە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان.