د. كەمال سولەیمانی
ئێستا كە بەشێكی زۆر لە حیزبەكانی ڕۆژهەڵات بە كردەوە دەست و پێیان بەستراوە، وا دیارە كە پەكەكە پرۆژەیەكی تازەی بۆ ڕۆژهەڵات هەیە و داوێكی تازەی بۆ ڕۆژهەڵات داناوەتەوە. ئەو پرۆژەیە چی لە پشتە؟ كێن ئەو سیخوڕانەی كۆمار ئیسلامی؟ چۆن ئاژەڵدار و ڕاوچی و سیخۆر لێك دیاری دەكرێن؟ و كێ ئەو مافەی بە چەكداری پەكەكە داوە ئەو كارە بكات؟ سزای ئەو بەناو سیخۆڕانە چییە؟
- لە كولتووری حیزبی كوردیدا بە گشتی و لە كولتووری پەكەكەدا بە تایبەتی، ئەو شتەی كە پێی دەلێن ”گەل” لە ئاماژەیەكی بێمانا و بێ قەوارە زیاتر نییە. بەتایبەت بۆ پەكەكە ”گەل” وەكوو گەلی چین لە ئاماژەی فەرمی «كۆماری گەلی چین”دایە. ناوی گەل وەكوو لەپەیە لە هەموو شۆرباوێكی سیاسی ئەو حیزبەدا هەیە و لە هیچ دیزەیەكیشدا ئەو گەلە ئەسكوێ نییە. حیزب بۆ خۆی پێناسەی گەل دەكات و ڕێژە و كێبوونەكەشی دیاری دەكات. وەكوو خۆمەینی كە كووتی “پێوەر دەنگی خەڵكە،” بەڵام ”ویلایەتی فەقیە مافی هەیە پێش لە حەج كردن و نوێژكردنی خەڵكیش بگرێت.” پەكەكەش ڕۆژ تاكوو ئێوارێ دەڵێ ژن، ژیان ئازادی و بەڵام دەشڵێ كە” بێ سەرۆك ژیان نابێت” یان ”ئازادی سەرۆك ئاپۆ، ئازادی گەلێكە” كە لە ڕاستیدا پێمان دەڵێ كە گەل و ژیان و ئازادی هەمووی سەرۆك دیاری دەكات و لە ڕاستی ئازادی گەل یانی ئازادی سەرۆك.
- لە قەندیل چەند ئەمیر كە لانیكەم ٤٠ساڵە گەلیان نەدیتووە بڕیار بە نێوی گەل دەدەن. مامڵەی جۆراجۆری لە سەر گەل دەكەن. بەناوی گەل دەست لە دەوڵەتی كوردی هەڵدەگرن، بە ناوی گەل بەشێك لە یەزیدی دەكەن بە حەشدی شەعبی دوای ئەوەیكە حەشدی شەعبی تەجاوزی بە كەركووك كرد. بەناوی گەل لەگەڵ ئیمرە تانێر– موشتشاری میتی توركی– پێك دێن كە كەجەكە بۆ چوار بەشی كوردستان ساز بكەن. هەر وەكوو لە پەیماننامەی كەجەكەشدا هاتووە لە هەر چوار بەشی كوردستانیش پێبەندی خۆیان بەیاسای حكوومەتی یونیتەر و داگیركەری كوردستان ڕادەگەیەنن.
- بۆیە ئەو پرۆژەیەی یەرەكەش دەبێ بەشێك بێت لەو پێبەندییە بە یاسای كۆماری ئیسلامی و بۆ پاراستنی یەكپارچەی خاكی ئێران. هەر ئەوەش بوو كە لە ئورووپا و لە كۆرێكدا بە بەشداری سیامەندی موعینی كە لە پێش شۆرشی ژینادا ڕێكخرا بوو، داوای ئۆجەلان (لە كتێبی مانیفێستی تەمەددونی دێموكراتیدا) سەبارەت بۆ دەستپێشخەری بۆ پاراستنی یەكپارچەیی ئێران خوێندرایەوە.
ئەوە ڕادە گرنگی دانی پەكەكە و كلك و گوێیەكانیەتی بە ئیرادەی گەل و بڕیاری گەل.
بۆیە، یەرەكە ناوێك هەڵدەستێ بە ئاشكرا ڕادەگەیەنێ كە لە زۆربەی كێوەكانی كوردستاندا پایەگا دادەنێت. كێوەكانی كوردستان لەوەندەی كە كۆماری ئیسلامیش كردوویە، زۆرتر كات بە نیزامی. بەو شێوەیە، توێیەكی تازە لە حكومەتی نیزامی بەسەر هەموو كێوەكانی كوردستاندا دەسەپێنێت و هەر كەسیش كە لەو ناوچانە كە ئاژەڵداری كرد یان ڕاوی كرد، پەكەكە وەكوو دەسەڵاتی موتڵەق و توتالیتار هێزێكی چەكدار، وەك سیخوڕ دەیانناسێنێ و دەیانكوژێت.
یەكەم پرسیار ئەوەیە كە هێزێكی چەكدار بۆ ناوچەكانی سەقامگیری چەكداری خۆی ئاوا بە ئاشكرا بە هەموو جیهان و بەتایبەت بە توركیا و ئێران ڕادەگەیەنێت. دەبێت حەتمەن پێی وا بێ كە كۆماری ئیسلامی و توركیا لە كوردی تێناگەن؟ دیارە گاڵتە بە جێی خۆی. بەڵام ئەو دەستپێشخەرییەی پەكەكە بۆ مەمنوع كردنی هاتووچۆی خەڵكی ڕۆژهەڵاتە و بۆ كوشتنی هەر كەسێكە كە كێشەی لەگەڵ حكومەتی ناشەرعی، مافیایی و داسەپاوی پەكەكە هەبێت. بۆیە، دیاسپۆرای كورد دەبێ بە بڵاوكردنەوەی تۆمار و بە ڕێپێوان پێش لە هەوڵی حكومەت نیزامی پەكەكە لە كێوەكانی ڕۆژهەڵات بگرن. پڕۆژەكانی پەكەكە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا جگە لە ماڵوێرانی بۆ كورد و هەوڵ بۆ نەهێشتنی كوردایەتی، هیچی دیكە نەبووە.
دووهەم، بۆ پەكەكە پێی وایە كە جێگایەك یان كێوێك كە ئاژەڵداری كورد بتوانی حزووری هەبێت، درۆنی كۆماری ئیسلامی و توركیا ناتوانن بیدۆزنەوە؟ بەڕاستی ئەوە چ مەبەستێكی لە پشتە كە پەكەكە كێوەكانی كوردستانیش لە ئاژەڵداری ماڵوێرانی كورد دەكات بە مەنتیقەی موحەڕڕەمەی كاتی بەعس لە كوردی باشوور؟ ئایا پەكەكە ئەو كێوانە لە كۆماری ئیسلامیش دەكات بە مەنتیقەی موحەڕڕەمە؟ یان ئەوە هەوڵێك و پرۆژەیەكی هاوبەشە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی كە پەكەكە نایەوێت خەڵكی كوردستان لە وردەكارییەكانی ئاگادار ببێتەوە؟ ئایا پەكەكە بەبێ ئاگاداری كۆماری ئیسلامی دەتوانێ كێوەكانی كوردستان زۆرتریش نیزامی بكات؟ یانی درۆن و موشەكەكانی كۆماری ئیسلامی ناگەن بە پەكەكە یان پێشەكی بەڵێنیان پێدراوە كە ئەو موشەكانە دژ بە پەكەكە بەكار ناهێدرێن؟ كێ باوەڕ دەكات كە ئەگەر بە ئیزنی كۆماری ئیسلامی نەبێت، پەكەكە بتوانێ زاگرۆس بكات بە زۆنی نیزامی خۆی؟ ئەی هەڵا و مانۆڕی كۆساڵان چی لێهات؟ ئاكامەكەی چی بوو؟ ئایا ئاكامەكەی ئەو پرۆژەی ئێستایە؟
سێهەم، تاكەی پەكەكە پێ وایە كە هێزی چەكداری هەڵنەبژێرراو، مافی دیاری كردنی قەدەری كوردی هەیە؟ تاكەی پێی وایە كە بە زۆن سازی حیزبی دەتوانێ جۆرێك لە ستاتیسكۆ یان حكومەتی نیزامی و پۆلیسی خۆی بە سەر كورددا بسەپێنێ؟ باشە مەگەر قەرار نەبوو ”گەل” بڕیار بدات؟ ئەو گەلە لە كوێیە؟ ئەو ”گەلە” كەی ئەو بڕیارەی داوە كە پەكەكە نابێ ئیزن بدات ئەو گەلە ئاژەڵداریش بكات و هەر كەسێكیش لەو گەلە كە ئاژەڵداری كردی پەكەكە مافی هەیە بیكوژ و بە سیخوڕی ئەوە كۆماری ئیسلامییەی بناسێنێ كە لەگەڵ بوونی پەكەكە لەو كێوانە كێشەی نییە؟
چوارەم، ئێوەی پەكەكەیی نەتان دەگوت دەوڵەتتان ناوێت؟ نەتان دەكووت بە دوای دەسەڵاتەوە نین؟ ئایا ئەوە دیاری كردنی زۆنی دەسەڵات بە زۆرەملی نییە؟ چ دەسەڵاتێك جگە لە كۆماری ئیسلامی و سەدەدام دەتوانێ بڵێ كە هەر كەس بۆ ئاژەڵداری بێتە كێوەكان، سیخوڕە و سزا دەدرێ؟ ئێوە بەو حیسابە یان دەوڵەتن لە كێوەكانی كوردستان (كە هیچ مەشرووعیەتی خەڵكیتان نییە)، یان مافیا و كۆمەڵێك كەڵەگان. ئەگەر حیزبێكی دیكە هەمان حوكم بدات، ئایا ئێوە قبوڵی دەكەن؟ ئایا ئێوە ئامادەن كە نەچن بۆ ئەو جێگەی كە حیزبێكی دیكە بە موحەڕڕەمەی ڕاگەیاندووە و هەر كەس بچێت تۆمەتی سیخۆڕی لێ دەدرێت؟ ئەگەر نا، بۆ چی؟ جیاوازی ئێوە لەگەڵ هەر حیزبێكی دیكە چییە؟ ئایا ئەوە جگە لەوەیە كە لە ئێستا ڕا دەتانەوێت بە زۆرەملی دەست بەسەر قەدەری كورد لە ڕۆژهەڵات دابگرن و مەجالی هیچ جۆرە شۆرشێك بۆ كوردی ڕۆژهەڵات نەهێڵنەوە كە لە پاوانی پەكەكەدا نەبێت؟
لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەم جۆرە حوكمانە سێ سەرچاوەیان هەیە: یان حكومەتێكی دیموكراتیكی هەڵبژێرراوی خەڵك (كە ئێوە نە دیمۆكراتن و نە هەڵبژێراو)، یان حكومەتی توتالیتار (كە ئێوە ئەو توانایەشتان نییە)، یان چەتە و مافیا یان میلیشیا بەكرێگیراوی وەكوو گرووپی ڕاگنەر؛ لە نێوان ئەو دووەی دوایی یەكیان بۆ خۆتان هەڵبژێرن.
پێنجەم، ئەو پرۆژەیە لە ڕاستیدا و بەكردەوە سەركوتی بەهێزترین بەشی سیاسەتی كوردی یانی ژینگەپارێزییە لە ڕۆژهەڵات. كۆماری ئیسلامی ڕۆژانە بە سووتاندنی دارستان و كێوەكانی كوردستان و بە گرتنی ژینگەپارێزان، هەوڵی داوە كە شۆڕشی نوێ و سەروحیزبی لە ڕۆژهەڵات سەركوت بكات. ئەوە لایەنێك لە شۆڕشی كوردە لە ڕۆژهەڵات كە كۆماری ئیسلامیشی دەستەوەستان كردووە. بەڵام، ئێستا هێزی میلیشیای پەكەكە (كە بە پێی پڕوپاگەندی حیزبی گوایە ژینگەپارێزی یەكێك لە كۆڵەكانی خەباتەكەیەتی) دەیەوێت ئەو لایەنەی شۆڕشی كوردیش سەركوت بكات. لەوە بە دواوە زۆر سەیر نابێ كە ژینگەپارێزەكانی ڕۆژهەڵات یەك یەك و دوو دوو بەناوی ‘گەل” و ”ژن، ژیان، ئازادی لە چیا و دۆڵەكانی زاگرۆس وەكوو موحاریب و مفسد فی الارچ قەڵاچۆ بكرێن. - خەڵكی ڕۆژهەڵات، پێویستە قەدەری خۆی لە چەنگ مافیای چەكدار دەربێنێت. پەكەكە وەكوو بەشێك لە كەجەكە، لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا، ئاكامی مامڵەی دەوڵەتی تورك و ئۆجەلان، لە هیچ بەشێكی كوردستانیش، هیچ ڕۆڵێكی ئەرینی نەبووە جگە شكست و ماڵوێرانی و هەرچی زۆرتر زاڵكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی یونیتەر و كۆڵۆنیال بە سەر كوردستاندا. پەكەكە بە ئاشكرا و بە ڕەسمی لە ساڵی ٢٠٠٥وە (بە پێی پەیماننامەی كەجەكە) تەعەهودی جێبەجێ كردنی یاسای كۆماری ئیسلامی داوە (بڕوانە، پەیماننامەی كەجەكە، لاپەرەی ٦). خەڵكی ڕۆژهەڵات دەبێ لە هەموو جێگایەك دژ بەو پرۆژە گوماناوییەی پەكەكە هەستنەوە. بەڵام، دڵنیام كۆماری ئیسلامی ئیزن بە خەڵكی نێوخۆی ڕۆژهەڵات نادات كە بە ئاشكرا دژایەتی لەگەڵ ئەو پرۆژەیەی پەكەكە بكەن. بەتایبەت ئەو پرۆژەیە كە پێش هەموو شتێكە بۆ نەهێشتنی گرنگترین بەشی چالاكوانی كورد یانی ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵات.