بە دروستكردنی تابلۆ دیواری قوتابخانەكان جوان دەكەن
بەختیار سەباح-زاری كرمانجی:
بە سەرپەرشتی رێكخراوی ئاڤاشین و بە پاڵپشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دیواری دوو لە قوتابخانەكانی رواندز بە تابلۆ جوان دەكرێن.
ماوەیەكە لەلایەن كۆمەڵێك قوتابی بەهرەمەندو دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان، بە سەرپەرشتی رێكخراوی ئاڤاشین و بە پاڵپشتی و هاوكاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشێك له دیواری قوتابخانەكانی قەزای سۆران و رواندز بە تابلۆ جوانكاریان بۆ دەكرێت.
بەهرەمەند ژیما كامران، خەریكی وێنەكێشان بوو لەسەر دیواری قوتابخانەی پاشای گەورە بۆ زاری كرمانجی گووتی ” ئەو پڕۆژەیه خۆبەخشیەو لەژێر دروشمی (قوتابخانەكانیش ماڵی ئێمەن) بە تابلۆی جۆراوجۆر دیواری قوتابخانەكان جوانكاریان بۆ دەكرێت، لە قەزای رواندز قوتابخانەی پاشای گەورەو قوتابخانەی دواناوەندی رواندزی كوڕان، دیاریكراون”.
لای خۆیەوە رەوا سۆران، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندز لەبارەی ئەوه پڕۆژەیە رایگەیاند “ئەمە پڕۆژەیەكی هونەری جوانكارییە، لەسەر دیواری قوتابخانەكان، تا ئێستە لە قەزای ناوەندی سۆران، دیواری 23 قوتابخانە جوانكاریان بۆ كراوە”.