وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای سەردانەكەی بۆ بەغداد لە گووتەیەكیدا رایگەیاند” ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەكانی نزیك لە ئێرانەوە دەكرێنە سەریان قبووڵنەكراون”.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند” سودانی ئیدانەی هێرشەكانی سەر سوپای ئەمریكای كردووە”.
گووتیشی” ئێمە میلیشیاكانی لایەنگری ئێران ئاگادار دەكەینەوە كە شەڕی غەززە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان، ئێمە نامانەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ ئێران ڕووبدات، بەڵام هەموو ڕێكارێك دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزەكانمان و هاوڵاتییان”.
بلینكن ڕوونیشیكردەوە ” هەوڵ دەدەن ململانێكان لە دەرەوەی غەززە فراوان نەبن”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا روونیكردەوە ” وڵاتەكەی لە پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەردەوام دەبن”.