بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییانی كوردستان : ئەو هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت گرینگ و پێویست بوو
بەختیار سەباح –زاری كرمانجی:
بە رەچاوكردنی خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنی كرێی خوێندنی قوتابییانی پاڕاڵێل دواخرا.
بەپێی نوسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، كە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كراوە، بەڕەچاوكردنی خراپی دۆخی دارایی و بە مەبەستی دەستەبەركردنی ئاسانكاری زیاتر، پێویستە وەرگرتنی قیستی یەكەمی كرێی خوێندنی قوتابییانی پاڕاڵێل دوابخرێت.
لە بەشێكی تری نوسراوەكە هاتووە، نابێت كرێی خوێندن بكرێتە مەرجی وەرگرتنی قوتابییان و دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی (2023-2024 ) لە زانكۆو پەیمانگەكان.
لەمبارەیەوە شۆڕش میران، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییانی كوردستان بۆ زاری كرمانجی گووتی “ئەو هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت گرینگ و پێویست بوو، بە تایبەت لەم ساڵەی خوێندن كە باری دارایی خەڵك بە گشتیی خراپه”. هەروەها گووتیشی، قوتابییان وەك توێژێك پێویستە لایەنی ماددییان باش بێت، بۆ ئەوەی كاریگەری نەرێنی نەخاتە سەر خوێندنیان.
ئەو بەرپرسەی قوتابییان زیاتر روونی كردەوە، دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانین، هەر كاتێك قوتابی لە خوێندنی ئێواران یاخود خوێندنی پاڕاڵێل وەرگیرا، ئەوە بەو مانایە نایەت كە باری دارایی باشە، زۆرجار بەهۆی بەدەستهێنانی كەمی نمرە، وا دەكات هەژارترین قوتابی لە خوێندنی ئێواران و پاڕاڵێل ناوی بگەڕێتەوە.